له دوو هه‌ڵمه‌تی جیاجیادا ، هه‌ر دوو حكومه‌تی به‌ریتانیا و سوید، سه‌دان په‌نابه‌ر راده‌ستی حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌نه‌وه. هاوكات فیدراسیۆنی سه‌رتاسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقیش نیگه‌رانی خۆی نیشان ده‌دات له به‌رامبه‌ر تێكچونه‌وه‌ی ره‌وشی په‌نابه‌ران و داوا ده‌كات هه‌وڵه‌كان بخرێنه كار بۆ به‌رگرتن له هه‌ڵمه‌تی به‌زۆر ناردنه‌وه‌ی په‌نابه‌ران له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا.
له‌و باره‌یه‌وه (ده‌شتی جه‌مال) سكرتێری فیدراسیۆنی سه‌رتاسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی له به‌ریتانیا به‌نه‌وای وت:" بۆ جارێكی تر كۆماندۆكانی به‌ریتانیا به هاوكاری كۆمپانیای (G4S) هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سه‌ر گرتوخانه‌كان و زیاتر له 53 په‌نابه‌ری كوردی عێراقی به‌ر سوكایه‌تی و زۆره ملێ كه‌وتون و یه‌كێك له‌و په‌نابه‌رانه په‌نجه‌ی شكاوه‌و یه‌كێكی تر باڵی شكاوه‌و ره‌وانه‌ی كوردستان كراونه‌ته‌وه‌و فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێری ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی وه‌رگرتوه‌و هێزی تایبه‌تیان بۆ هێناون و پێیان وتون ئه‌گه‌ر دانه‌به‌زن به شه‌ق و به‌زۆر له فڕۆكه‌كه داتان ده‌گرین، كاتژمێر 12:30خوله‌ك به‌كاتی هه‌ولێر ئه‌و فڕۆكه‌یه له فرۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر نیشتۆته‌وه‌و ئه‌م هه‌ڵوێسته له‌كاتێكدایه سه‌رۆكی په‌رله‌مان و شاندێكی یاوه‌ری بانگهێشت كراون له‌لایه‌ن په‌رله‌مان و حیزبی فه‌رمانڕه‌وای به‌ریتانیاو پێشبینی وابوو كه شانده په‌رله‌مانیه‌كه‌ی كوردستان وتووێژ بكه‌ن و ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته دژه مرۆڤانه‌ی به‌رامبه‌ر كورده‌كان ده‌كرێ ده‌رببڕێت، به‌لاَم به‌داخه‌وه تائێستاكه سه‌رۆكی په‌رله‌مان و شانده‌كه‌ی لێره‌ن و بچوكترین یاداشتی ناڕه‌زایه‌تیان نه‌داوه‌ته به‌ریتانیاو ته‌نانه‌ت داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و رێكه‌وتنه‌یان نه‌كردوه كه ساڵی 2005 له‌نێوان كابینه‌ی پێنجه‌م و حكومه‌تی به‌ریتانیا واژۆكراوه".
(ده‌شتی جه‌مال) له كتاییدا ئه‌وه‌یشی خسته رو كه ئه‌م هه‌ڵمه‌ته ته‌نها ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیانیه‌و دوێنێ كاتژمێر 7ی سه‌رله‌به‌یانی 67 په‌نابه‌ری تری عێراقی له زۆربه‌ی شاره‌كانی مالمۆو ستۆكهۆڵم و گۆتنبه‌رگ به زۆر كۆكراونه‌وه‌و له‌گه‌ڵ 100كۆماندۆی سویدی به زۆره ملێ نێردراونه‌وه بۆ فڕۆكه خانه‌ی به‌غدا.