بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان لە بەردەم شۆكی داراییدا

د.پیرۆت محمد امین

6 کاتژمێر پێش ئێستا

بۆ ماوەی زیاتر لە دوو دەیە، دەركەوتنی دەیان سیتیی نیشتەجێبوونی مۆدێرن لە كەرتی عەقاراتدا و كردنەوەی مۆڵە گەورە و مۆدێرنەكان لە كەرتی بازرگانیدا و فراوانبوونی ناوچە پیشەسازییەكان، هاوتەریب لەگەڵ دروستكردنی پرد، تونێل، شەقامە خێراكان و ژێرخانی جادەوبانی نوێ، هەموو ئەمانە وەك بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگر بۆ بوونی گەشەیەكی ئابووریی بەهێز و بازاڕێكی زیندوو دەبینران.
بەڵام كاتێك بە قووڵی و لە ڕووانگەی ئابوورییەوە شیكردنەوە بۆ سەرچاوەی ئەم گەشە و جووڵە بازرگانییە دەكرێت ، ڕاستییەكی تاڵ و پێكهاتەیی دەردەكەوێت ،ئەویش ئەوەیە كە ئەم بووژانەوەیە بەرهەمی گەشەیەكی بەردەوامی كەرتە بەرهەمهێنەرەكان (وەك كشتوكاڵ، پیشەسازیی قورس، یان داهێنانی تەكنەلۆژی) نەبووە، بەڵكو دەرئەنجامی ڕژانی قەبارەیەكی یەكجار زۆری پارە بووە بۆ نێو بازاڕەكانی هەرێم.
ئەو لێشاوە داراییەی كە بۆ چەندین دەیە بزوێنەری سەرەكیی ئەم گەشە رواڵەتییە بووە و خوێنی دەكردە دەمارەكانی كەرتی تایبەت و گشتییەوە، بە شێوەیەكی سەرەكی پشتی بە دوو سەرچاوە بەستبوو. یەكەمیان داهاتی فرۆشتنی نەوتی فەرمی و نافەرمی و دووەمیشیان داهاتی دەروازە سنوورییە فەرمی و نافەرمییەكانە، لە كاتێكدا داهاتی ناوخۆی ڕاستەقینە (باج و ڕسوماتە یاساییە جێگیرەكان) تەنیا ڕێژەیەكی زۆر كەم و لاوەكی پێكدەهێنا. ئەم مۆدێلە ئابوورییە كە لە زانستی ئابووریدا بە "ئابووریی بەرخۆری تێكەڵ بە بازاڕی سێبەر" دەناسرێت، وایكردبوو كە سەرمایەیەكی زەبەلاح لەهەرێمدا بسووڕێتەوە.
كاتێك داهاتی نەوت و گومرگەكان بە هەردوو كەناڵە فەرمی و نافەرمییەكەیەوە دەڕژانە نێو بازاڕەكان، بەشێكی زۆری ئەم پارەیە لە ڕێگەی مووچە، پڕۆژەكان و كەڵەكەبوونی سەرمایە لای گرووپە بازرگانییە باڵادەستەكان، ڕاستەوخۆ وەبەرهێنانی پێدەكرایەوە لە كەرتی خانووبەرە (سیتییەكان)، بازرگانیی هاوردەكردن (مۆڵەكان) و خزمەتگوزارییەكاندا. قەتیس مابوون و دەسووڕانەوە.
لە ئێستادا، هاوكێشەكە بەرەو وەرچەرخانێكی مێژوویی و مەترسیدار هەنگاو دەنێت كە هەڕەشە لە تەواوی ئەم پێكهاتە ئابوورییەی هەرێم دەكات. بەگوێرەی ئەو ڕاگەیەندراوە فەرمییەی كە لەلایەن وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقەوە بڵاوكراوەتەوە، سەرۆكوەزیرانی عێراق زنجیرەیەك بڕیار و ڕێنمایی یەكجار توندی دەركردووە كە ئامانج لێیان كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی كەرتی نەوت و دەروازە سنوورییەكانە، نەك تەنیا لە ناوچە جێناكۆكەكان، بەڵكو لە تەواوی هەرێمی كوردستانیشدا.
ئەم بڕیارانە كە ڕەهەندێكی ئەمنی، یاسایی و دارایی قووڵیان هەیە، خاڵی كۆتایی دادەنێن بۆ ئەو سەردەمەی كە تێیدا ئیدارەدانی سەرچاوە سروشتییەكان و سنوورەكان بە شێوەیەكی سەربەخۆ بەڕێوەدەچوون. حكومەتی فیدراڵی لە بەغدا ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی گوتارێكی یاسایی و چاكسازیدا دەخاتە ڕوو و وەك ڕێكارێكی پێویست بۆ ڕێگریكردن لە قاچاخچێتی و ڕێكخستنەوەی داهاتە گشتییەكان ونەهێشتنی سەریەككەوتنی دەسەڵاتەكان لە نێوان ناوەند و هەرێمدا دەیناسێنێت. لە ڕووی تیۆری و دەستوورییەوە، ڕەنگە ئەم پاساوانەی بەغدا وەك هەوڵێك بۆ سەروەریی یاسا و یەكخستنی سیاسەتی دارایی وڵات لێكبدرێنەوە، بەتایبەت كە ئابووریی عێراق پێویستی بە كۆكردنەوەی هەموو داهاتەكانە لە خەزێنەی گشتیدا.
بەڵام كاتێك لە دیوە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكەوە سەیری لێكەوتەكانی جێبەجێكردنی ئەم ڕێنماییانە دەكەین لەسەر هەرێمی كوردستان، دەبینین كە ئەم هەنگاوانە دەبنە هۆی دروستبوونی شۆكێكی قورسی ئابووری و دارایی كە پێشتر وێنەی نەبووە. هۆكاری سەرەكیی ئەم شۆكە ئەوەیە كە ئابووریی هەرێم بۆ چەندین دەیە لەسەر بنەمای ئەو داهاتانە بینا كراوە كە ئێستا بڕیاری بڕین و كۆنترۆڵكردنیان دراوە. كاتێك داهاتی فرۆشتنی نەوت ڕادەگیرێت و كاتێك دەروازە سنوورییە فەرمی و نافەرمییەكان دەخرێنە ژێر ڕكێفی تەواوەتیی دەسەڵاتی فیدراڵییەوە، ئەوە بە مانای لەدەستدانی ڕێژەیەكی هەرە زۆری ئەو سەرچاوە داراییانە دێت كە پێشتر بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ و خێرا دەڕژانە نێو بازاڕەكانی هەرێمەوە. ئەمە تەنیا كەمبوونەوەی بودجەی حكومەت نییە، بەڵكو وشككردنی سەرچاوەی سەرەكیی نەختینەیە  لە دەستی كەرتی تایبەت و بازاڕدا.
لێكەوتەكانی ئەم شۆكە داراییە زنجیرەیەك كارلێكی نەرێنی بەدوای خۆیدا دەهێنێت كە سەرجەم جومگەكانی ژیانی ئابووری دەگرێتەوە. یەكەم قوربانیی ئەم دۆخە بریتی دەبێت لەو كەرتانەی كە لە ساڵانی ڕابردوودا ببوونە سیمبولی گەشەكردن؛ واتە كەرتی عەقارات و بازرگانی. بە نەمانی لێشاوی پارەی نەوت و دەروازە سنوورییەكان، توانای كڕینی هاووڵاتییان و سەرمایەگوزاریی وەبەرهێنەران بە شێوەیەكی دراماتیكی دادەبەزێت.
ئەو سیتی و پڕۆژە نیشتەجێبوونە مۆدێرنانەی كە لەسەر بنەمای زۆریی پارە لە بازاڕدا بە نرخێكی خەیاڵی فرۆشرابوون، ئێستا بەرەو قەیرانێكی سەختی سستی و داڕمانی نرخ هەنگاو دەنێن. چونكە چیتر ئەو سەرمایە زۆرە لە بازاڕدا نامێنێت كە بتوانێت ئەو یەكانە بكڕێت. هاوكات، مۆڵە مۆدێرنەكان و كەرتی بازرگانی كە بە شێوەیەكی سەرەكی پشتیان بە هاوردەكردنی كاڵا و خەرجیی بەرخۆریی دانیشتووان بەستبوو، تووشی داكشان دەبن و بەشێكی زۆری ناوچە پیشەسازییەكانیش بەهۆی كەمبوونەوەی خواست و نەمانی ئاسانكارییە گومرگییەكانی پێشووەوە، چالاكییەكانیان بەرەو پەككەوتن دەچێت.
لە لایەكی دیكەوە، قەیرانەكە تەنیا لە كەرتی تایبەتدا قەتیس نامێنێت، بەڵكو توانای حكومەتی هەرێم بۆ بەردەوامیدان بە پڕۆژەكانی ژێرخان وەك دروستكردنی پرد، تونێل، جادەوبانی نوێ و خزمەتگوزارییە گشتییەكان، بە ڕادەیەكی زۆر ئیفلیج دەكات. چونكە وەك ئاماژەی پێدرا ، داهاتی ناوخۆی "ڕاستەقینەی" هەرێم هێندە كەم و سنووردار دەبێت كە بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت قەرەبووی ئەو بۆشاییە داراییە گەورەیە بكاتەوە كە بەهۆی لەدەستدانی داهاتی نەوت و دەروازە سنوورییەكانەوە دروست دەبێت. ئەم شۆكە داراییە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێكاری و كەمبوونەوەی دەرفەتی كار و سستبوونی جووڵەی بانكی و دارایی، و دروستبوونی گوشارێكی كۆمەڵایەتی و دەروونیی قورس لەسەر هاووڵاتییان و خاوەنكاران.
ئەوەی ئەمڕۆ لە ئەنجامی بڕیارەكانی حكومەتی عێراقدا ڕوودەدات، زەنگێكی مەترسیدارە كە پەردە لەسەر لاوازیی ژێرخانی ڕاستەقینەی ئابووریی هەرێمی كوردستان هەڵدەداتەوە. كاتێك ئابوورییەك پشت بە داهاتی نافەرمی و سەرچاوەی دەرەكی دەبەستێت و كەرتە بەرهەمهێنەرە ناوخۆییەكان فەرامۆش دەكات، هەر گۆڕانكارییەكی سیاسی یان ئەمنی كە ببێتە هۆی كۆنترۆڵكردنی ئەو سەرچاوانە، ڕاستەوخۆ دەیگۆڕێت بۆ قەیرانێكی قووڵ و هەمەلایەنە. سەردەمی گەشەی بریقەداری سەر ڕووی زەوی كە بە پارەی نەوت و سنوورەكان پارەدار دەكرا، لە بەردەم كۆتاییهاتندایە و بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان پێ دەنێنە قۆناغێكی نوێی سەختەوە كە تێیدا ئاسەوارەكانی ئەم شۆكە داراییە بۆ ماوەیەك بەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵك و داهاتووی وەبەرهێنانەوە دەمێنێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، لە قۆناغی گواستنەوەدا ئەگەری دروستبوونی كورتهێنانی نەختینە و سستبوونی خەرجی لە هەرێمدا هەیە، بەتایبەت كاتێك داهاتی ناوخۆ لاواز دەبێت و كۆنترۆڵی فیدراڵی بە خێرایی جێبەجێ بكرێت، هەروەها ئەگەر بارودۆخی سیاسی بگۆڕێت یان ناكۆكی لەسەر خەرجییە سیادییەكان سەرهەڵبدات، میكانیزمەكانی بودجە و مووچە هێشتا لەبەردەم مەترسیی ڕاگرتن یان دواكەوتندا دەمێننەوە.
 د.پیرۆت محمد امین
پسپۆڕی دارایی گشتی

 

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group