كاریگەریەكانی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لەسەر ئابوری هەرێم و عێراق

24/03/2020 نەوا

نەوا
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە جیھاندا، كاریگەری گەورەی كردووەتە سەر ژێرخانی ئابووری وڵاتان، تەنانەت لە ھەندێك وڵاتدا جموجوڵی بازرگانیش سست ووە، ئەو وڵاتانەیشی كە پشتیان بە یەك سەرچاوەی ئابوری بەستووە زیاتر كەوتوونەتە ژێر كاریگەری خراپی ئابوری.
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە و دوای ئەوەی ھەشتی ئەم مانگە نەوت نزیكەی سەدا ٢٧ی بەھاكەی لەدەستدا كە لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردووە وەك خراپترین ھەفتە ناوی برا كاریگەریی زیاتری كردووەتە سەر كەرتی ئابوری لە جیھاندا، پڕۆفیسۆرێكی دارایی گشتیش ئاماژە بەوە دەكات كە ئەم دابەزینە پەیوەندی بە ململانێی نێوان ھەردوو وڵاتی سعودیە و روسیا ھەبوو، جەختیش لەوەدەكاتەوە كە ھەبوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا رۆڵی ھەبوو لە سستكردنی كەرتی ئابوری جیھاندا.
لەمبارەیەوە، سەباح سابیر خۆشناو، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر بە ئاژنسی ئەنادۆڵی ڕاگەیاندووە، ''نەوت وەكو كاڵایەك، سێ رەھەندی سەرەكی ھەیە كە بریتین لە؛ رەھەندەكانی ئابوری، سیاسیی و ستراتیجی، ھەربۆیەش ئەم كاڵایە زۆرجار بۆ مەبەستی سیاسیی بەكاردێت، ئەو ململانێیەی لەنێوان سعودیە و روسیادا ھەبوو مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ چوار ساڵ لەمەوبەر كە گفتوگۆ و رێككەوتن ھەبوو بۆ ئەوەی بتوانن بازاڕی جیھان بەشێوەیەك رێكبخەنەوە و رێكخستنەوەكەی بەشێوەیەك بێت كە نرخ بەرز بكەنەوە، ئەوەبوو نرخی نەوت تا ٧٠ دۆلار بەرزبووەوە، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانی بوو كە ئەو رێككەوتنە شكستیھێنا، بۆیەش سعودیە بۆ دژایەتیكردنی روسیا، نرخی نەوتی خستەڕوو بە ٣٣ دۆلار، كە ئەمەش بەیەكجاری هاڕەی بە نرخ كرد''.
ئەو پرۆفیسۆرە، بەراوردكاریی ھێزی خستنەڕووی نەوتی رۆژانەی ھەردوو وڵاتی سعودیە و روسیا دەخاتەڕوو و ئاماژە بەوەش دەكات سعودیە دەیەوێت روسیا لە چوارچێوەی خۆی بھێڵێتەوە و لەمبارەیەوە وتی، "روسیا رۆژانە ١١ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار بەرمیل دەخاتەڕوو، بەڵام سعوودیە ١٠ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل دەخاتەڕوو، ئەمەش كاریگەری نەرێنی دروستكرد لە لایەك و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناش رۆڵی ھەبوو لەم بوارەدا، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێكیان پەیوەندی بەوە ھەیە كە روسیا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەستێكی درێژی ھەیە و رۆڵی ھەیە بەتایبەتی لە سوریادا، دەتوانین بڵێین سعوودیە یەكێك لە ئامرازەكانی ئەمریكایە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دەیەوێت وا بكات كە روسیا لە قاڵبی خۆی بھێڵێتەوە، دەبێت ئەوەمان لەبیرنەچێت تێچووی دەرھێنانی یەك بەرمیل نەوت لە رووسیا ١٧ دۆلارە بەڵام لە سعوودیە ١٠ دۆلارە، ئەمەش وا دەكات رووسیا كەمتر بەرگە بگرێت''.
دكتۆر سەباح خۆشناو ئەوەشی وتووە، ''ھۆكارێكی دیكە ھەیە ئەویش سعودیە یەك بەرمیل نەوتی لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ بە ٥٥ دۆلار خەمڵاندووە، بەڵام رووسیا بە ٤٢ دۆلار و ٤٠ سەنتی خەمڵاندووە، رووسیا بەپێی پلانەكەی بڕی دە ملیار دۆلار زیادەی دەبێت لە بوودجەدا، بەڵام سعوودیە نزیكەی ٥٠ ملیار دۆلار كورتھێنانی دەبێت''.
لەبارەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئابووری جیھان لەسەر عێراق بە گشتی و ھەرێمی كوردستانیش بەتایبەتی وتوویەتی ''عێراق لە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ یەك بەرمیل نەوتی بە ٥٦ دۆلار خەمڵاندووە، ئەمەش گاپێكی گەورە دروست دەكات، چونكە عێراق ئێستا سێ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار بەرمیل ھەناردە دەكات و لە پلانی ستراتیجیدا بوو كە بیگەیەنێتە چوار ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا، بەڵام نەیتوانی، بۆیە ئەگەر لەگەڵ ھەرێمی كوردستان رێككەوتنێك بكات لەسەر ٢٥٠ ھەزار بەرمیلەكە ئەوا رەنگە بتوانێت قەرەبووی خۆی بكاتەوە''.

ئاماژە بەوەشدەكات كە عێراق بڕێكی زۆری یەدەگی ھەیە و ئەمەش وا دەكات زیاتر پشتی بەھێز بێت و لەمبارەیەوە دەڵێت، "ئەوەی زیاتر پشتی عێراقی گرتووە ئەوەیە، ئەو بڕە یەدەگەی كە ھەیەتی نزیكەی ٦٠ ملیار دۆلاری لە بانكی مەركەزی ھەیە، بەڵام ئەو یەدەگە ناكرێت تەنھا بۆ موچە بەكاربھێندرێت، چونكە ئەو یەدەگانە لەلایەن سیاسەتی نەختینەیی دادەڕێژرێت و بانكی ناوەندی دامەزراوەیەكی سەربەخۆیە، بۆیە ئامانجی ستراتیجی ئەوەیە كە نرخەكان جێگیر بكات بەتایبەتی دینار بەرامبەر بە دۆلار، ھەروەھا بەپێی دوایین لێدوانی پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق، عەلی عەلاق دەڵێت ئێمە موچەی نۆ مانگمان ئامادەیە، واتا ساڵی ٢٠٢٠ كێشەی مووچەمان نابێت، بەڵام ئەگەر ساڵی ٢٠٢١ نرخی نەوت ھەروا بەردەوام بێت ئەوا بە دڵنیایییەوە رەنگە كێشەیەكی گەورە بۆ عێراق دروست بكات، بەڵام زۆربەی شارەزایان پێشبینی ئەوە دەكەن نرخی نەوت لە مانگی ئاب بەدواوە بەرەو بەرزبوونەوە بچێت، بەھۆی نەمانی 'ڤایرۆسی كۆرۆنا' و كاڵبوونەوەی ململانێی نێوان سعودیە و روسیا، بۆیەدۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ھاتووەتە سەر ھێڵ لەگەڵ سعودیە و پێشبینی دەكەین نرخی نەوت تا مانگی ئاب بۆ ٥٠ دۆلار بەرزبێتەوە''.
سەباح سابیر لەبارەی ئەوەی كە ئەگەر نرخی نەوت بەرزنەبووەوە و ھەر بەمشێوەیە ئێستا مایەوە  دەڵێت، ''ئەگەر نرخی نەوت ھەروا بێت ئەوا ساڵی داھاتوو عێراق تووشی داڕمان دێت و دەبێت چاكسازییەكی ریشەیی بكات لە بابەتی مووچەخۆراندا، فرەجۆریشی بكات بۆ ئەوەی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی پەرەپێبدات، ئێستا زیاتر لەسەدا ٩٠ی داھاتی عێراق پشتی بە نەوت بەستووە و ئەمەش ئاڵنگارییەكی زۆری دەوێت، چونكە ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەرییەكی نەرێنی دروستكرد لەسەر پیشەسازی، بۆ نمونە وڵاتی چین سەدا ٢٠ی كۆی پیشەسازی جیھان پێكدێنێت و سەدا ٥٠ی تووش پووكانەوەی كرد، ھەر بۆ زانیاری، وڵاتی چین رۆژانە ١٣ ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ پیشەسازییەكانی خۆی بەكاردەھێنێت، دەتوانین بڵێین چین حەوت تا ھەشت ملیۆن بەرمیل خواستی كەم بووەوە لە جیھاندا، ئەمەش كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی خواست ھەبوو، بەڵام ئێستا پیشەسازی چین بەرەو كرانەوە دەچێتەوە و بەمەش رەنگە نرخی نەوت بەرزبێتەوە''.
ڕاشیگەیاندووە، ''بە دڵنیایییەوە كاریگەری لەسەر كەرتی ئابووری ھەیە و جومگە سەرەكییەكانی ژیان راوەستاوە، رۆژ بە رۆژ قورستر دەبێت ئێستا گەورەترین ئاڵنگاری لەبەردەم مرۆڤدا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە چونكە كاریگەری لەسەر بەرھەمھێنان دروستكردووە، بۆیە رەنگە لە كۆتایی ئەمساڵ ئابوری بەرەو باشتر بچێت''.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group