كۆبوونەوەی لوتكەی ترامپ – كیم لەنێوان شكست و سەركەوتندا

11/06/2018

بڕیارە رۆژی 3شەممە 12/6/2018 یەكەم كۆبوونەوەی لوتكەی نێوان "دۆناڵد ترامپ" سەرۆكی ئەمریكا و "كیم جۆنگ ئون" سەركردەی كۆریای باكور لەسەر بەرنامە ئەتۆمیەكەی پیۆنگ یانگ لەنێوان دودڵی و ترسێكی زۆردا، لەوڵاتی ئەندەنوسیا بەڕێوە بچێت.

ئەمریكا چی دەوێت ؟
كۆبوونەوەی لوتكەی "ترامپ – كیم" ئەنجامەكانی نادیارەو كلیل سەركەوتنی بەستراوەتەوە بەرێكەوتنی هەردوو سەرۆك لەسەر چۆنێتی هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمیەكەی كۆریا، كە تا ئێستا هەردوولا بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەسەر شێوازەكەی.



خاڵی ناكۆك چییە؟
بەپێی راپۆرتە جیهانیەكان، خاڵی گەورەی ناكۆكی نێوان ئەمریكا و كۆریا ئەوەیە، واشنتۆن دەیەوێت كە پرۆسەی هەڵوەشادنەوەی بەرنامە ئەتۆمیەكەی پیۆنگ یانگ بەشێوەی تەواوەتی و لێكۆڵینەوە بێت لێی (CVID)، كە كورتكراوەی Complete, Verifiable and Irreversible Dismantlementیەو واتای (هەڵوەشاندەوەی تەواوەتی و لێكۆڵینەوە لێی كە توانای گەڕاندنەوەی نەبێت)  ئەوەش تاكە رێگەیە كە ئەمریكا پێی رازییەو پێی وایە كە تاكە رێگەشە نیوە دورگەی كۆریای باكور سودی لێ‌ ببینێت.



ترسەكانی دەسەڵاتدارانی پیۆنگ یانگ
شارەزایان باس لەوەدەكەن: دەسەڵاتی پیۆنگ یانگ كێشەی لە جێبەجێكردنی ئەو رێگەیە هەیەو پێی وایە كە ئەو رێگەیە بەسەر دەوڵەتێكی دۆڕاو لەشەڕدا جێبەجێ دەكرێت نەك رێكەوتن، هەروەها گومانیان لەوە هەیە كە حكومەتی واشنتۆن توانای ئەوەی هەیە كە دەتوانێت رەزامەندی كۆنگرێسی وڵاتەكەی بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی كە تا ساڵی 2020 هیچ پێشێلكاری و هێرشێك بۆ سەر كۆریای باكور روونەدات.


ئیدارەكەی ترامپ چ سودێك لەم رێكەوتنە دەبینێت ؟
راپۆرتە رۆژنامەوانیەكان باس لەوەدەكەن: ئیدارەی ترامپ دەیەوێت كە كاركردن بەو رێگەیە بەردەوام بێت تا ساڵی 2020 ، بۆ ئەوەی وەك سەركەوتنێكی دیبلۆماسی بۆ ئیدارەكەی هەژمار بكرێت، تا چانسی زیاتری هەبێت كە خولێكی تر ببێتەوە سەرۆك كە ولایەتەكەی ساڵی 2020 كۆتایی دێت، بۆیە شارەزایان پێیان وایە كە ئیدارەی ترامپ بە جێبەجێكردنی مەرجەكانی و دەسەڵاتی پیۆنگ یانگیش بە ڕەوینەوەی ترسەكانی دەیانەوێت كە كۆبوونەوەی لوتكە سەركەوتوو بێت. 

كلیلی سەركەوتنی كۆبوونەوەی لوتكە
سارەزایانی سیاسەتی جیهانی پێیان وایە، كلیلی سەركەوتنی كۆبوونەوەی لوتكەی نێوان "ترامپ – كیم" لەسەر جێبەجێكردنی یەكێك لە داواكاریە سەرەكیەكانی ئەمریكا وەستاوە، ئەویش بریتییە لەدەسبەرداربوونی پیۆنگ یانگ لە كڵاوە ئەتۆمیەكان و مادەی ئەتۆم و موشەكە كیشوەربڕەكانی، كە پێشتر ترامپ داوای كردبوو كە وەك هەنگاوی یەكەم بەشێك لە چەكە ئەتۆمیەكانی رادەست بكات وەك پیشاندانی نیازپاكی كۆریا، ئەگەر كیم جۆنگ ئون ئەم هەنگاوە رەت بكاتەوە ئەوا هیچ گرنتیەك بۆ سەركەوتنی كۆبوونەوەی لوتكەو مانەوە رژێمی كۆریای باكور نییە.
ئەوەی جێی پرسیارەو تا ئێستا دیار نییە ئەوەیە، ئایا ئەمریكا لەبەرامبەر هەنگاوەكانی كۆریای باكور، چ قەرەبوویەكی دەسەڵاتی پیۆنگ یانگ دەكاتەوە؟


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group