دیبالا و ماڵدینی و فیلاینی توشی كۆرۆنا بوون

22/03/2020 وەرزش

نەوا
پاوڵۆ دیبالا و هاوژینەكەی، پاوڵۆ ماڵدینی و كۆڕەكەی، هەروەها مەروان فیلاینی توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون.
پاوڵۆ دیبالا ئەستێرەی یانەی یوڤانتۆسی ئیتاڵی لە ئینستاگرامەوە ئاشكرایكرد، دوای ئەوەی لەگەڵ هاوژینەكەی پشكنینی تایبەت بە كۆرۆنایان بۆ ئەنجامدرا، ئەنجامی پشكنینەكان ئەرێنی بووە و هەردووكیان تووشی ڤایرۆسەكە بوون.
دیبالا لە پەیامەكەیدا دەڵێت "بارودۆخی تەندروستیمان باشە و سوپاسی هەمووتان دەكەم بۆ ئەو نامانەی بۆتان ناردووم".
پاوڵۆ دیبالا دوای هەریەكە لە دانیێلی روگانی و بلەیز ماتویدی، سێیەم یاریزانی یانەی یوڤانتۆسە توشی كۆرۆنا بێت.
هەروەها یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی لە بڵاوكراوەیەكی فەرمیدا ئاشكرایكرد، پاولۆ ماڵدینی بەڕێوبەری هونەریی یانەكە، لەگەڵ كەسێك بەركەوتنی هەبووە، كە كەسەكە توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە، بەو هۆیەوە ماڵدینی-ش توشی ڤایرۆسەكە بووە.
هەر لە راگەیەندراوەكەی میلان-دا هاتووە، دانیێل ماڵدینی-ی  كوڕی پاولۆ ماڵدینی، بەهەمانشێوە توشی كۆرۆنا بووە، كە لە چەند رۆژی رابردوو لەگەڵ هاوڕێكانی لە تیپی لاوانی میلان مەشق و ڕاهێنانیان كردووە، بەڵام ئێستا ماڵدینی و كوڕەكەی رەوشی تەندروستییان جێگیرە و خۆیان كەرەنتین كردووە.
یاریزانێكی دیكەی تۆپی پێ كە توشی كۆرۆنا بووە، مەروان فیلاینی-ی بەلجیكی یاریزانی یانەی شاندۆنگ-ی چینی-یە، كە هەر لە چین یەكێك لە تیمە پشكنینە گەڕۆكەكان پشكنینیان بۆ كردووە و ئەنجامەكەی پۆزەتیڤ بووە و دەركەوتووە توشبووی كۆرۆنایە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group