د. به‌رهه‌م ساڵح: قۆناغێكی زه‌حمه‌تمان تێپه‌ڕاند، ده‌بێت په‌ندی لێوه‌ربگرین

09/04/2020 عێراق

نه‌وا
سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌ میانی راسپاردنی مسته‌فا كازمی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی عیراق رایگه‌یاند، "ده‌مه‌وێت سوپاسی زورفی بكه‌م كه‌ هه‌ڵوێستی بوێرانه‌ی هه‌بو له‌م ره‌وشه‌دا".
د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمار له‌ وتارێكدا كه‌ نوێنه‌رانی ته‌واوی پێكهاته‌كانی عیراق و نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ئاماده‌یبون رایگه‌یاند، "دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، به‌پێی رێوشوێنه‌ ده‌ستورییه‌كان چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ راسپێردران بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، هه‌مو لایه‌نه‌كان سه‌ره‌رای مشتومڕه‌كان پابه‌ندی ئه‌و رێوره‌سمانه‌ بون، ئێستا نامه‌وێت كه‌ بیانویه‌ك بهێنمه‌وه‌ بۆ ئه‌و ماوه‌ گرنگه‌ی كه‌ له‌ده‌ستمانداوه‌ له‌كاتێكدا گه‌لی عیراق چاوه‌ڕێی ئێمه‌یه‌و ئه‌ركی ئێمه‌یه‌ كه‌ وا په‌له‌ بكه‌ین له‌ پێكهێنانی حكومه‌ت و ئێمه‌ پابه‌ندبوین به‌ رێڕه‌وه‌كان، ئه‌مڕۆ ره‌وشێكی نوێ ده‌بینین، به‌ڕێز عه‌دنان زورفی كشایه‌وه‌ له‌ پێكهێنانی حكومه‌ت و نامه‌یه‌كی فه‌رمی بۆ ناردوین، ده‌مه‌وێت ئه‌مڕۆ سوپاسی بكه‌م كه‌ پابه‌ندبو و هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌بو بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نیشتیمانی و هه‌ڵوێستی بوێرانه‌ی هه‌بو له‌م ره‌وشه‌دا، پێش كه‌مێك قسه‌م له‌گه‌ڵكرد و جه‌ختی كرده‌وه‌ پاڵپشتی پرۆسه‌ی و یه‌كێتی عیراقه‌ سوپاسی ده‌كه‌م بۆ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌".
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا وتی، "ئه‌مڕۆ مسته‌فا كازمی راده‌سپێرین بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی عیراق، كازمی كه‌سێكی خه‌باتكاره‌، رۆشنبیره‌، ناسراوه‌ به‌ ده‌سپاكی و میانڕه‌وی و رشده‌ بۆ دابینكردنی مافه‌ گشتیه‌كانی عیراقییه‌كان، ئه‌مه‌ به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌یه‌ كه‌ برام مسته‌فا كازمی پێی راده‌سپێردرێت، ده‌خوازین سه‌ركه‌وتوبێت له‌م روه‌وه‌".
به‌رهه‌م ساڵح راشیگه‌یاند، "ده‌مه‌وێت په‌نجه‌ له‌سه‌ر راستیه‌ك دابنێم، له‌ماوه‌ی رابردو مشتومڕو ناكۆكی زۆر چڕ له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و ناكۆكه‌كان هه‌بون، ئه‌مڕۆ به‌ پشتیوانی خواو دڵسۆزان، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان رێككه‌وتن بۆ ده‌ستنیشانكردنی كازمی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، قۆناغێكی زه‌حمه‌تمان تێپه‌ڕاند، پرۆسه‌ی سیاسی روبه‌روی گومان و پرسیاری به‌رده‌وام بوه‌وه‌، نامه‌وێت باسی ورده‌كارییه‌كان بكه‌م به‌ڵام ده‌بێت په‌ندی لێوه‌ربگرین".
له‌ درێژه‌ی وته‌كه‌یدا سه‌رۆك كۆماری عیراق وتیشی، "ئه‌مڕۆ له‌ كۆشكی سه‌لام كۆبوینه‌وه‌، به‌ ئاماده‌بونی ئه‌م به‌ڕێزانه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌كان ده‌كه‌ن، هه‌موان رشدن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تێكی نیشتیمانی كه‌ پشت به‌ بڕیاری نیشتیمانی ده‌به‌ستێت و به‌رنامه‌ی چاكسازی پێشكه‌شده‌كات كه‌ هاووڵاتی عیراقی چاوه‌ڕێیه‌تی، خوداوه‌ند پشتیوانت بێت برامان مسته‌فا كازمی، ئه‌ركه‌كه‌ت زه‌حمه‌ته‌، به‌ڵام دڵنیام هه‌موان لێره‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ پاڵپشتی تۆ ده‌بن و تۆش هاوكاری عیراق ده‌بیت، به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنێكی بێگه‌رد ده‌چین كه‌ مافی هاووڵاتی عیراق ده‌دات هه‌ڵبژاردنێكی بێگه‌رد و راست كارده‌كات بۆ نه‌هێشتنی لێكه‌وته‌كانی ئه‌م قه‌یرانه‌ ته‌ندروستیی و ئابورییه‌ی روبه‌روی وڵات بووه‌ته‌وه‌".
دوای ئه‌و وتانه‌ سه‌رۆك كۆمار روی له‌ مسته‌فا كازمی كردو پێی وت: "شه‌ره‌فمه‌ندم به‌وه‌ی كه‌ نوسراوی راسپاردن پێشكه‌شی تۆ بكه‌م، ده‌خوازم سه‌ركه‌وتوبیت".
دواتر له‌ وه‌ڵامدا مسته‌فا كازمی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عیراق وتی: "شه‌ره‌فمه‌ندم كه‌ ئه‌م راسپاردنه‌ قبوڵ بكه‌م، هه‌مومان خزمه‌تكاری گه‌لی عیراقین هیوادارین له‌ ئاستی به‌رپرسیارێتی بین له‌ئاستی گه‌ل و مێژو، سوپای هه‌مو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌م كه‌ كاریانكرد بۆ یه‌كگرتووی عیراق".
 


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group