بەرگریكارێكی بەرازیل: گۆڵەكەی سویسرا هەڵەیەكی ئاشكرا بو

18/06/2018 وەرزش

نەوا


جواو میرەندا بەرگریكاری هەڵبژاردەی تۆپی پێی بەرازیل تەئكیددەكاتەوە یەكسانبونەكەیان لەگەڵ هەڵبژاردەی سویسرا ئەنجامێكی دادپەروەرانە نەبوە، ئەو گۆڵەشی تیمی بەرانبەر كردیان، لە هەڵەیەكی روون و ئاشكراوە بوە.
لە تایمی دووەمدا سویسرییەكان توانیان گۆڵی یەكسانبونەوە لە بەرازیلییەكان بكەن و ئەنجامیش هەر 1-1 بوو بۆ هەردوولا، بەڵام باس لەوەدەكرێت گۆڵەكەی سویسرا فاوڵ بوە، چونكە یاریزانەكەیان بە ئاشكرا پاڵی بە میرەنداوە ناوە و ناوبژیوان و یاریدەدەر و تەكنەلۆجیای گۆڵیش فاوڵەكەیان هەژمار نەكرد.
لەوبارەیەوە میرەندا بە ماڵپەڕی "كورە"ی وتوە "بەدڵنیایی خۆشحاڵ نین بەو ئەنجامە و گلەیی لە كەسیش ناكەین، چونكە هەمووان ئەركی خۆیان لە دوو تایمەكەدا جێبەجێكرد، هەلی زۆریشمان لەدەستدا، بەتایبەت سێ خولەكی كۆتایی یارییەكە، ئەوەش سوربونمان لەسەر بردنەوە نیشان دەدات".
وتیشی "لە رۆژی خۆماندا نەبوین، زۆربەی كاتی یارییەكەمان كۆنترۆڵ كردبو، بەڵام نەمانتوانی سەركەوتن بەدەستبهێنین، ئەو گۆڵەشی لێمان كرا بەهۆی ئەوەوە بو، كە پاڵیان بە منەوە نا، بەڵام تۆپی پێ، كە پێویستە ملكەچی یاساكانی بین، زۆركات ئەو یاسایانە نامۆ دەردەكەون".
لە كۆتاییشدا میرەندا متمانەی تەواوی هەیە دوو یاری تێدەپەڕێنن، سورن لەسەر ئەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەكەش دەبەنەوە نەك تەنها تێپەڕین لە قۆناغی گروپەكان، ئەوەش تەركیزی هەمیشەیی هەموانی دەوێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group