هێلكە بەسەرچوەكەی نەوا!

محەمەد فاتیح

27/11/2019

لەم رۆژگارەدا گومان لە هەموو شتێك دەكەیت، لە ژیان لە دەوروبەر لە دار و بەرد، ئەوە خواردن لەولاوە بوەستێت، كە هەموومانی توشی دڵەڕاوكێ و بەدگومانی بەردەوام كردوە.
ئاخر بۆ بەدگومان نەبین، لەم رۆژانەدا لە كافتریای رادیۆ نەوا هاوكارانمان باسیان لە فێڵێكی سەیر كرد، لە چی؟ لە تەبەقی هێلكە! كە چۆن هێلكەی مێژووی كۆن و تازە تێكەڵكراوە و دەفرۆشرێت! هاوكارێكیشمان كڕیبوی، چونكە مێژووە تازەكەی بینیوە و وایزانیوە بەسەرچونی تەواوی تەبەقەكە دورە، بێ ئاگا لەوەی خەڵكێكی بێویژدان هەن خۆیان بۆ یەك بە یەكەمان مەڵاسداوە تا چی كۆن و ئێكسپایەر و نزیك لە ئێكسپایەر هەیە بەسەرماندا ساغ بكەنەوە.
یەكێك لە ئەركە هەرە گرنگەكانی حكومەت و دەسەڵاتداران، دابینكردنی ژیانێكی ئارامە لە هەمو رویەكەوە بۆ هاووڵاتیان، هەرچەندە هەرێمی كوردستان لە روی ئاسایشەوە ئارامە، بەڵام لە زۆر روی ترەوە، هاووڵاتیانی هەست بە ئارامی ناكەن.
مادە خۆراكییەكان یەكێكە لەو پێداویستیانەی مرۆڤ ناتوانێت دەستیان لێهەڵبگرێت و پەیوەندیەكی راستەوخۆی هەیە بە تەندروستی و ژیانی هەموانەوە، كەچی دەسەڵاتدارانی هەرێم نەیانتوانیوە وەكو پێویست ئەم سێكتەرە كۆنترۆڵبكەن و بەبێ ئەوەی خۆمان پێی بزانین رەنگە ژیانی زۆربەمان كەوتبێتە مەترسییەوە.
لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لەبازگەی دەربەندی گۆمەسپان چواربارهەڵگری هێلكەی ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەرداگیرا و بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری هەولێر ئاشكرایكرد بڕی (81) تۆن لەو جۆرە هێلكەیە ماوەبەسەرچون و شیاونین بۆ خواردن و دەبێ لەناوببردرێن.
ئەمە كارەساتە و روی لە هەرێم كردوە، هەر خوا بۆخۆیشی مەگەر بزانێت چەند هێلكەی ئاوامان خواردوە! ئایا ئەم هێلكانە چۆن هێنرانە ناو هەرێمی كوردستانەوە؟ ئاخۆ دەبێت چەند مادەی خۆراكی دیكە بەو جۆرە هێنرابێتە هەرێمی كوردستان و دەرخواردمانیان دابێت؟.
ماوەیەك لەمەوپێش بە هەمان شێوە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەستیان بەسەر كارگەیەكدا گرت، كە شیری ئێكسپایەری دەخستە ناو كیسەی دیالاكەوە و مەگەر خوا بۆ خۆی بزانێت چەند تۆنی دەرخواردی مناڵەكانمان داوە!
ئەمە سەرەڕای ئەوەی ناوبەناوە دەست بەسەر كارگە و مادەی بەسەرچودا دەگیرێت و هەر لە مانگی 10ی 2019‌دا زیاتر لە (51) تۆن كاڵاوشمەكی خراپ و ماوەبەسەرچوو لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانییەوە دەستی بەسەرداگیراوە و دواتر بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی لەلایەن لیژنەكەوە لەناوچەی دەرەوەی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان لەناوبراوە.
هەر لەو ماوەیەدا لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستبەسەر بڕێكی زۆر پسكیتدا گیراوە، كە تەندروستی سلێمانی دەڵێت لە پشكنین دەرنەچوە و خراپ و نەشیاوە بۆ خواردن، هەروەها بەهۆی نەشیاوی بۆ خواردنەوەو دەرنەچونی لەتاقیگەدا لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی كارگەیەكی ئاو دادەخات، قائیمقامیەتی سلێمانی باس لە بوونی جۆرێك شیرینی دەكات، كە بۆ سەرنجڕاكێشانی منداڵان لە شێوەی جگەرەدا دروستكراوە و لە رووی كوالێتییەوە وەكو پێویست نییە.
ئای ئێمە شەوڕۆژ كاردەكەین بۆ دابینكردنی پێداویستی منداڵەكانمان و دەرد و قەزایان دەخەین لە خۆمان، كەچی بەهۆی پڕبونی گیرفانی چەند كەسانێكەوە، ژەهراوییان دەكەن!
هەروەها هەر لەم ماوەیەی رابردودا دەستگیراوە بەسەر بڕی 25 تۆن لە چەندین بەهاراتی جۆراوجۆر و ئاوی گوڵ و زەیتی زەیتون و خەل و خەنە و تەمەر هندی و دارچینی ماوەبەسەرچوو لە دوو كۆگا لەشاری هەولێر، بەهەمان شێوە توانرا دەستبگیرێت بەسەر سێ كۆگای گەورەی خۆراك و خواردن لەكۆگاكانی سەر رێگای هەولێر-گوێڕ و بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان سەرجەم ئەو خۆراك و خواردنەوانە ماوەیان بەسەرچوە، بەڵام لەڕێگای تێكردنەوە و گۆڕینی رێكەوتی تازە ئامادەكراون و رەوانەی بازاڕەكان كراون.
هەر بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی و بوونی كەموكورتی و بەكارهێنانی مادەی ماوەبەسەرچوو " ئێكسپایەر " وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم سەنتەری ئینگلیزی چاوی لە گەڕەكی بەختیاریی شاری هەولێر داخستوە.
ئەمانە چەند نمونەیەك بون لە سەدان نمونەی تر، كە رۆژانە ئاشكرا دەكرێن و بەسەدانی تریش هەن ئاشكرا نەكراون و چونەتە گەدە و لەشمانەوە!
كێ بەرپرسە لە ژهراوی بونی ژیانی ئێمە؟ بۆچی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان خەمی ئەم بە ژەهراویبونەی ژیانی ئێمەی نییە و رێگای لێناگرێت؟ تاوانی ئێمە و منداڵەكانمان چییە؟، تاكو ئاوا ژیانمان بخرێتە مەترسییەوە؟
دەبوایە كاری لە پێشینەی دەسەڵاتدارانمان پاراستنی ژیان و گیانی ئێمە بێت، كەچی ئەو مادە ژەهراویانەی لە سایەی ئەم دەسەڵاتدارانەوە ئاودیوی هەرێمی كوردستان دەكرێن بونەتە هەڕەشە و مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
پێویستە هەرچی زوە رێگری لەم بەژەهراویبونەی ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بكرێت و بەبێ ترس و دوودڵی هیچ نەبێت بتوانین ئەو خۆراكانە بخۆین، كە بە شەونخونی پەیدایان دەكەین!

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group