كۆمەڵگە لە گێچەڵی سێكسییەوە بۆ كردەی دەستدرێژی

محەمەد فاتیح

10/06/2019

بەهێزترین كاریزمای مرۆڤ رەوشتێتی، بە لەدەستدانی رەوشت مرۆڤ گەورەترین كەلێن دەخاتە نێو كەسایەتی خۆیەوە، هەر ئەمەشە وایكردووە لەهەموو جیهاندا هەڵسوكەوت و رەوشت پێوەرێك بێت بۆ مرۆڤایەتی و سزای یاساییش بۆ بەدڕەوشتان دابنرێت.
سوقراتی فەیلەسوف دەڵێت "پەروەردەكردنی رەوشت لە نان و بەرگ بۆ مرۆڤ گرنگترە".
ئیفڵاتونی فەیلەسوف دەڵێت "ئەگەر جوانی چاو رابكێشێت، رەوشت دڵەكان دەبات بۆ خۆی".
ناپلیۆن پۆناپارتی سەركردەی سەربازی و حاكمی فەرەنساش دەڵێت "دامودەزگاكان كاتێك گەندەڵ دەبن ئەگەر رەوشت بنەمایان نەبێت".
ئەلبێر كامۆی فەیلەسوف و نوسەری فەرەنسیش دەڵێت "پیاوێكی بێ رەوشت وەكو دڕندەیەك وایە بەڕەڵای ئەم جیهانە كرابێت".
وەك بیستومانە و دەبینین بەتایبەتیش لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، كە هەرێمی كوردستانی لێ بەدەر نییە، لاوەكان و پیاوەكانمان لەسەر جادە و شەقام و شوێنە گشتییەكان و تەنانەت لە دام و دەزگاكانیش گێچەڵی سێكسی بە ئافرەت دەكەن، بەبێ ئەوەی هیچ سزایەكی یاسایی بدرێن.
بەهەموو پێوەرەكان گێچەڵكردنی سێكسی بە ئافرەت كارێكی قێزەوەنە و زۆرجار دەچێتە ریزی تاوانەوە بەتایبەتی گێچەڵەكە بگاتە ئەو رادەیەی بەبێ ویستی خۆی و بە زۆر لاقە بكرێت، كە ئەوەش دەستدرێژیكردنە بۆسەر ناموس.
گێچەڵكردنی سێكسیش بەیەكێك لە جۆرەكانی توندوتیژی دژ بە تاكەكانی كۆمەڵگە دادەنرێت لەلایەن كەسێكی خاوەن پێگە و دەسەڵات و هێز بۆ هێنانەدی ئارەزوە سێكسیەكانی بەزۆر و بەبێ رەزامەندی لایەنی بەرامبەر.
جۆرێك لە گێچەڵە سێكسییەكان لە رێگای بەكارهێنانی وشە و كۆمێنت و مەتەڵی سێكسیەوەیە، جۆرێكی تریان بە دەربڕینی سیمای دەموچاو و جوڵاندنی برژۆڵە و چاو و جوڵاندنی دەستەكان تا دەگاتە خۆخشاندن لە جەستە و ماچكردن و لاقەكردن.
گێچەڵە سێكسییەكان زۆرجار لەشەقامەكان یاخود لە گەڕەك و كۆڵانەكان بەڵكو تەشەنەی كردووەتە نێو دەزگا و دامەزراوەكانەوە، كە لەڕێگەی بەكارهێنانی پێگە و دەسەڵاتەوە گێچەڵی سێكسی بە ئافرەت دەكەن و ناچاری دەكەن بەهۆی نەبڕینی بژێوی ژیانیەوە یاخود بە هەرچ هۆكارێكی دیكە بێت بەناچاری و بەبێ ئارەزووی، خۆی بدات بەدەستەوە و بێدەنگی بەرامبەر بەو كارە قێزەوەن و تاوانە هەڵبژێرێت.
سەیر ئەوەیە تاكو ئێستا نەمانبینی یاخود نەمانبیست یەكێك لەسەر گێچەڵی سێكسی و لاقەكردن لەهەرێمی كوردستان روبەڕوی سزای یاسایی كرابێتەوە، یان هەر هیچ نەبێت رێوشوێنێك یان سنورێك بۆ ئەو دیاردە ناشرین و ناشارستانی و تاوانە دابنرێت.
پێویستە لایەنی پەیوەندیدار لە هەرێمی كوردستان رێوشوێن و یاسای پێویست بۆ ئەم بابەتە دابنێن، تاكو ئافرەتەكانیشمان بتوانن بە ئازادی بژین، بە ئازادی هەڵسوكەوت بكەن، بە ئازادی بێن و بڕۆن.... بە ئارەزوی خۆیان جلوبەرگ لەبەربكەن.
تكایە سیمای جوانی كوردستان مەشێوێنن و ئەركی سەرشانی خێزان و قوتابخانە و پۆلیس و ئاسایش و دادگا و پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستانە رۆڵێكی بەرچاو لە نەهێشتنی ئەم تاوان و دیاردە قێزەوەنە ببینن و سنورێك بۆ ئەم دواكەوتویی و ناشارستانیەتە دابنێن.
بەدڕەوشتی بۆتە مەترسیەكی راستەقینە لەسەر ئازادی و دیموكراسی و سیمای جوانی كوردستان، بۆتە مەترسی لەسەر ئەو ئافرەتانەی پیاوە بێڕەوشتەكان ئازادییان لێ زەوت دەكەن، مافەكانیان پێشێل دەكەن.
ئەمە تەنها لەڕووی گێچەڵی سێكسییەوە، وێڕای توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان و ماف خواردن و رێگریكردنیان و سەركوتكردنیان. 
نازانم تاكەی بێڕەوشت و نامەردەكان بەبێ گوناح و قارەمان دەزانین و ئافرەتە ستەملێكراوەكانیش بەتاوانبار و سەرشۆڕ لە قەڵەم دەدەین؟.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group