من كوردم و ئێوەش كوردن، بایەكتری نەكوژین

محەمەد فاتیح

29/06/2019

ئەوەی كوردی لاواز و پەرتەوازە كردووە، یەكڕیز و یەكدەست نین و هەر یەكە و لە ئاوازێك دەخوێنێت و پاڵپشتی یەكیش نین، بەڵكو پشت لە یەك دەكەن و یەكتری دەشكێنن.
هەمومان هەر لەمنداڵیەوە چیرۆكی ئەو پیاوە دەبیستین كە منداڵەكانی كۆدەكاتەوە و تاقییان دەكاتەوە، كە لقە دارێك بشكێنن و دواتر كۆمەڵێك لقە دار پێكەوە بشكێنن و پێیان دەڵێت : شكاندنی تەنها لقە دارێك بۆ هەمووتان كارێكی ئاسان بوو، بەڵام كەستان نەتانتوانی كۆمەڵێك لقە دار پێكەوە بشكێنن، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت ئەگەر پشت و پەنای یەك بن كەس ناتوانێت بتانشكێنێت... هەروەكو پەندی پێشینانیش دەڵێت : برا لە پشت برا بێت مەگەر قەزا لەلای خودا بێت.
شەوێكیان بەدەنگی كوڕە هەشت ساڵانیەكەم خەبەرم بوەوە، كە یاری پەبجی دەكرد و بە هاوڕێكانی دیكەی دەوت: من كوردم.. ئەی ئێوە؟، ئەوانیش هەندێكیان لەوەڵامدا دەیان وت : ئێمەش كوردین، كوڕەكەم دەیوت : من كوردم ئێوەش كوردن با بەڵێن بدەین یەكتری نەكوژین و پشتگیری و دیفاع لەیەك بكەین.
ئەم هەڵوێستە زۆر ناخی هەژاندم و بەزەییم بەحاڵی خۆماندا هاتەوە كە هەرگیز هەڵوێستەكانمان یەك نین ، وتم رەنگە هەڵوێستێكی زارەكی و كاتی بوبێت، بەڵام دوای چاودێریكردنی كوڕەكەم بۆم دەركەوت، كە ئەم هەڵوێستە لەناخیەوە هەڵدەقوڵێت و هەر كە دەستدەكات بە یاریەكە دەڵێت: كێتان لەناو فڕۆكەكەدا كوردن؟، دوای ئەوەی دووان سیانێك دەڵێن ئێمە كوردین، كوڕەكەم لە وەڵامدا دەڵێت: ئێمە هەموومان كوردین با بەڵێن بدەین پشتگیری و دیفاع لە یەك بكەین و یەكتری نەكوژین، دوای ئەوەی بەڵێن لەیەك وەردەگرن، زۆر بە دڵسۆزانە و خەمخۆرانە پێكەوە لەو یاریەدا كوردایەتی دەنوێنن و یارمەتی یەكتری دەدەن و پاڵپشتی یەكترن تاكو مردن.
باشە من دەپرسم بۆچی بە منداڵی هەستی كوردایەتیمان هێندە بەرزە؟ بەڵام كە گەورە دەبین ئیتر دەبین بە دوژمنی یەك و یەكتری دەشكێنین؟ كێ بەرپرسە لەو شكستانەی بەسەر كورددا هاتووە و دێت؟ 
من پێم خۆش بوو كوردایەتی لە سەركردە و بەرپرسەكان و خۆمانەوە فێربین نەوەك لە منداڵەكانمان... خۆ رێڕەوی ژیان هەر ئاواها بووە منداڵ لە گەورەكانەوە فێردەبن.. ئەی ئەوە چی وای بەسەر كورد هێناوە كە منداڵەكانمان وانەی كوردایەتیمان فێر بكەن؟
لەسەردەمی قازی محەمدەوە كورد شكستدەهێنێت و هەرگیزیش وانەیەك فێرنەبوین، دەبا هیچ نەبێت شەرم بمان گرێت و لە منداڵەكانمانەوە فێری كوردایەتی و تەبایی ببین.
ئەڵمانەكان هەر هەمویان تێكشكێندران و پەرتەوازەیان كردن، بەڵام ئێستا یەكدەست و یەكهەڵوێستن و هەمیشە تەبا و یەكگرتون، ژاپۆنیەكانیان وێران كرد، ژاپۆنیان هەپرون هەپرون كرد، بەڵام ئێستا ژاپۆن بۆتە یەكێك لە هەرە وڵاتە پێشكەوتوەكان، نمونە زۆرن، رەنگە ئەگەر نمونەی ئەفریقیەكان بهێنینەوە لە ئێمە تەباتربن.
ئێمە زۆر جوانین، میللەتێكی دڵپاك و مرۆڤ دۆستین، قارەمان و دوژمن بەزێنین، بەڵام داخەكەم نا تەبا و ناڕێكین، نەك بەتەنها لەڕوی هەڵویستی سیاسی و سەربازی و نەتەوایەتییەوە، بەڵكو تەنانەت توێژی رۆشنبیرانیشمان زۆرجار دژایەتی یەك دەكەن، هونەر كە نیشانەی جوانیە لەلای ئێمە زۆرجار هونەرمەندەكانیشمان دژ بەیەكن، ئیتر چۆن كە گەورەبین ناشرین نابین؟... چۆن كوردایەتی لەناخماندا كاڵنابێتەوە؟... بەتایبەتی كە سەركردە و بەرپرسەكانمان هێندەی هەوڵی پلە و پایە و بەرژەوەندی كەسێتی و حزبەكەی دەدات هێندە بە پەرۆشی كورد و كوردایەتییەوە نییە.
هیچ كەس و لایەن و حزبێك نەڵێت من وانیم و ئەوەی تر تاوانبار بكات، هەرهەمومان تۆمەتبارین، ناحەز و ناتەبا و نالەبارین، هەتاكو كەی ئاوا پەرتەوازەبین؟... بێ شوێن و بێ جێگا و بێ لانە بین؟
دەبا ئێمەش لە منداڵەكانمانەوە فێربین و گیانی كوردایەتیمان بەرزبێت و بەڵێن بدەین: دەست لەناو دەستی یەكبین و تەبابین و پشتی یەكتری بگرین و یەكتری نەشكێنین و یەكتری نەكوژین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group