خەونی وەرگرتنی زەوی بوو بە روخاندنی خانوەكان

محەمەد فاتیح

21/09/2019

عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق گوێی هەمومانی ژەنی بوو بەدابەشكردنی پارچە زەوی بەسەر هەموو چین و توێژە جیاوازەكانی عیراقدا، بەڵام لەوە ئەچێت ئەو بەڵێنانەی بوبێتن بە روخاندنی خانوەكان.
هەڵمەتی لابردنی زیادەڕەوی و روخاندنی خانوەكان لە ژمارەیەك لە پارێزگاكانی عیراق دەستیپێكردوە و بێگومان تەنها ماڵی هەژار و دەستكورتەكان دەگرێتەوە و رۆژێك لە رۆژان نابیستین كە بارەگا حزبیەكان و ماڵی بەرپرس و دەسەڵاتدارەكان بگرێتەوە.
ئا ئەمە بوو هەڵمەتی لەناوبردنی گەندەڵی كە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی بانگەشەی بۆ دەكرد؟
گەندەڵی لە نێو ماڵی هەژاران و دەستكورتەكاندا نییە، بەڵكو گەندەڵی لە نێو ماڵی دزەكانی گەل و نیشتماندایە. گەندەڵی لێرەدا نییە، بەڵكو لە ناوچەی سەوزە كە تەنراوە بە گەندەڵی.
خانوە زیادەڕەوەكان مەڕوخێنن، بەڵكو ئەو خانوانە بڕوخێنن كە لەسەر گەندەڵی و خوێنی عیراقییەكان بنیادنراون. ئەگەر ناتوانن ماڵی گەندەڵكاران بڕوخێنن، ماڵی هەژارانیش مەڕوخێنن.
سەری گەندەڵی لای ئێوەیە و لەناو ئێوەدایە، لای ئێمە نییە و لەناو ئێمەدا نییە، ئیتر بۆچی ئەمانڕوخێنن؟
ئەگەر خوێنی شەهیدەكان هەستان ناهەژێنن، با گریانی بە كوڵی هەژارێك بتانهەژێنێت، كە تەنها ئەو فرمێسكە شكدەبات و لەتاو زوڵم و زۆری ئێوە دەیڕێژێت.
بە چ ویژدان و بە چ ئابڕویەكەوە، یادی رابەری ستەملێكراوەكان دەكەنەوە (یادی شەهیدكردنی ئیمام حسێن) و لەهەمانكاتیشدا ستەم لە ستەملێكراوەكان دەكەن؟.
ئەگەر دەتانەوێت زیادەڕەویەكان لاببەن، بە لابردنی زیادەڕەوەیەكانی خۆتان بۆسەر گەل و نیشتمان و خاكەكەی دەستپێبكەن، كە بە هێز و دەسەڵاتی خۆتان داگیرتان كردوە و وڵات و خاكتان كردۆتە بەهەشت بۆ خۆتان و بە ئارەزوی خۆتان تیایدا رادەبوێرن و دەستان لە هاونیشتمانیانیشتان بەرداوە بە دەست نەبونی و نەهامەتییەوە بناڵێنن.
ئێوە كەی ویژدانتان خەبەری دەبێتەوە و پێش ئەوەی خانو بۆ خۆتان دروستبكەن بۆ هەژار و دەستكورتەكانی دروستبكەن و وایان لێبكەن واهەست بكەن كە لە نیشتمانی خۆیاندا دەژین.
دوبارە دەیڵێمەوە، گەندەڵی لەماڵی هەژاران و دەستكورتەكاندا نییە، بەڵكو گەندەڵی لە نێو ماڵی دزەكانی گەل و نیشتماندایە. گەندەڵی لێرەدا نییە، بەڵكو لە ناوچەی سەوزە كە تەنراوە بە گەندەڵی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group