كام دونیا دوای ئەم ڤایرۆسە؟

مەریوان وریا قانع

02/04/2020

بیركردنەوە لە دەرەنجامەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ژیانی كۆمەڵگاكان هێشتا لە سەرەتای سەرەتاكاندایە و ئەوەی هەیە و دەگوترێت، جگە لە كۆمەڵێك ڕا و هەندێك چاوەڕوانیی تایبەت زیاتر نییە. كەسانێك هەن باس لەوەدەكەن دونیای دوای تەواوبوونی ئەم ڤایرۆسە هەمان دونیای بەر لە هاتنی ئەم ڤایرۆسە نابێت، نە سیستمی نێودەوڵەتیی، نە ئابوری، نە وردەكارییەكانی ژیانی ڕۆژانە، هیچیان وەك خۆیان نامێننەوە. كەسانێكی تر هەن تا ئەو شوێنە دەڕۆن و باس لە كۆتایی كاپیتالیزم (سەرمایەداری) و هاتنەكایەی دونیایەكی تەواو تازەدەكەن، كە بە دونیای سۆسیالیزم و كۆمۆنیزم ناویدەبەن، بەڵام سۆسیالیزم و كۆمۆنیزمێك جیاواز لەوەی لە سەدەی بیستەمدا بینیمان.
بە پێچەوانەی ئەمانەوە كەسانێكی تر باس لە بەهێزبوونی زیاتری ناسیۆنالیزم و دەوڵەتی نەتەوەیی و داخرانی كۆمەڵگاكان دەكەن و پێیانوایە ئەو سنورانەی لە ئێستادا و بەخێرایی لە نێوان وڵاتەكاندا داخران، بە ئاسانی ناكرێنەوە، سنورە جوگرافییەكانیش بكرێنەوە سنورە نەفسی و سایكۆلۆژییەكانی دوای ڤایرۆسەكە دەمێنن. كەسانێكی تر باس لە بەهێزبوونی زیاتری پێگەی سیستمە تۆتالیتارییەكان (دیكتاتۆرییەكان) و توانا ترسناكەكانی دەوڵەت لە كارانتینەكردن و چاودێریكردن و ئاراستەكردنی مرۆڤدا دەكەن و دونیای دوای كۆتایی ئەم ڤایرۆسە وەك دونیای بەرتەسكبوونەوەیەكی گەورە و هەمەلایەنی ئازادییە تاكەكەسیی و دەستەجەمعیەكان دەبینن. 
لە دونیای ئێمەشدا بڕێك لە ئیسلامییەكان باس لە تۆڵە و توڕەبوونی خودا دەكەن و كۆرۆنا وەك ”سەربازێكی ون"ی خودا بۆ بەگژاچوونەوەی مولحید و دژە ئیسلام و بێدینەكان وەسفدەكەن و چاوەڕوانی ئەوەن دونیای دوای كۆتایی كۆرۆنا دونیای ئەو دینە و ئەو خودایە بێت كە ئەوان دەیناسن.
بە بۆچوونی من سەرجەمی ئەم بۆچونانە جگە لە دەربڕینی هەندێك ڕا و چاوەڕوانیی تایبەت، شتێكی تر نیین، بەشێكی زۆری ئەم بۆچونانەش بەر لە پەیدابوون و هاتنی ڤایرۆسەكە هەر هەبوون و لەئارادابوون، ئەوەی ئێستا ڕووئەدات پێداگرتنەوەیەكی زیاترە لەسەر ئەو بۆچون و ڕوانینانە.
بە بۆچوونی من ئەوەی ڕووئەدات یەك پرۆسەی هاوبەش و لێكچوو نابێت لە هەموو جیهاندا، لە ناوچە جیاوازەكانی جیهاندا شتی جیاواز ڕووئەدات و گۆڕانكارییەكان یەك شێوە و یەك جۆر و بەیەك ئاراستە نابن. لە وڵاتە دیموكراسییەكاندا نە كاپیتالیزم لەناودەچێت و نە كۆمۆنیزم جێگەی كاپیتالیزم دەگرێتەوە، ئەوەی ڕەنگە ڕووبدات دانانی كۆمەڵێك سنورە بۆ سیاسەتی نیولیبرال و هێنانەكایەی فۆرمێكی نوێ لە "دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی"، لەمەش زیاتر ئەگەری ئەوە گەورەیە ئەم وڵاتانە لە جاران زیاتر بەرگریی لە چوارچێوەكانی دەوڵەتی نەتەوەیی بكەن و جۆرێك لە پاشەكشە بۆ ناو ئەو چوارچێوانە ڕووبدات.

لە سیستمە دیكتاتۆریی و دەسەڵاتگەرەكان و لەو سیستمانەشدا كە دیموكراسییەتیان كورتكردۆتەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەتەنها، بە هەموو تەكنیكەكانی تەزویركردنەوە، ئەگەری ئەوە گەورەیە تەكنیكەكانی كەرانتینەكردن و دیسپلینكردن لە فۆرمی نوێدا بەكاربهێنرێن و فراوانتر و كاریگەرانەتر بەكاربهێنرێن. سەرجەمی قەیرانەكەش وەك وزەیەك بۆ بەهێزكردنی دەسەڵاتی ئەوتۆریتاریانەی خۆیان و هاوشێوەكانیان بخەنەگەڕ.
لەو ناوچەیەی ئێمەشدا كۆمەڵگاكان لەبەردەم دوو ئەگەری سەرەكیدان. یەكەمیان ئەگەری درێژەپێدان و بەهێزكردنی زیاتری سێكتاریزمیی دینیی و سیاسیی و خستنەگەڕی نوخبە حوكمڕانەكان بۆ هەموو ئامرازێك لە دەسەڵاتدا بیانهێڵێتەوە، تەنانەت بە بەردەوامیدان بە جەنگ و پێكدادانە خوێناویەكان، هاوكات درێژەدان بە بەكارهێنانی تەكنیەكانی كەرەنتینەكردن و كۆنترۆڵكردن بۆ سەپاندنی ئەو مۆدێلە لەدەسەڵات. ئەگەری دووهەمیان كەڵەكەبوونی زیاتری توڕەبوون و وەڕسبوونی چەندان هێزی كۆمەڵایەتییە كە هاتنی ڤایرۆسەكە ماندووتر و بێئومێدتر و هەژارتری خستون.
ئەوەی من هیوادارم دوای تەواوبوونی ئەم ڤایرۆسە ڕووبدات، دروستبوونی تاكەكەسێكە لە جاران سیاسیتر و لە جاران سەرقاڵتر بە مەسەلە سەرەكیی و گشتییەكانی ژیانی گشتیی ناو كۆمەڵگای ئێمەوە، تاكەكەسێك سیاسەت كورتنەكاتەوە بۆ چالاكیی دزیی و جەردەیی و مرۆڤكوشتن و یەكسانی نەكات بە درۆكردن و لەخشتەبردن، تاكەكەسێك سیاسەت وەكو هەوڵی پێكەوەیی مرۆڤ وێنابكات بۆ دروستكردنی ژیانێكی هاوبەش و گونجاو، كە لەپاڵ كۆمەڵێك ماف و رێزگرتندا، شوێنی هەمووانی تێدا ببێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group