ترسێك لە دواخستنی هەڵبژاردن گەورەتر!

عەتا كەریم

09/08/2018

هەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ خولی پێنجەم، لە بەردەم ترس و دوودڵیی هێزە سیاسییەكانی هەرێمدایە كە بە (38) لیست و قەوارەوە بەشداری دەكەن، هۆكارە سەرەكییەكەیشی ترسی متمانەی دەنگدەری كوردستانییە، كە هەڵكشانی ترسەكەش لە بەدەنگەوەنەچوونی ئاستی نزمی دەنگدەرانەوە دەخوێندرێتەوە كە بێباك و ساردوسڕن.
پەیامی ساردوسڕی دەنگدەران و ژمارەی سەرەتایی سەردانیكەرانی دڵنیایی بۆ تۆماری ڕۆژی هەڵبژاردن، خێرا گەیشتۆتە بەر گوێی لیست و قەوارەی هێزە سیاسییەكان، كە ڕەنگە ڕێژەی بەشداریكردن بەشی كێبڕكێیان بۆ كورسیەكان نەكات كە تا ئێستا نزیكەی (75 هەزار و 800) كەس دڵنیایی ناویان كردووە لە كۆی (3 ملیۆن و 800 هەزار و 642) دەنگدەر! كە ڕەنگە یەكەمین شكستی دیموكراسیی بە هێزی بێدەنگیی گەل تۆمار بكرێت، بەوپێیەی شكاندنی شكۆی پەرلەمان لە (31ی ئابی 1996) و جارێكی دیكەش لە 12ی ئۆكتۆبەری 2015 لەسەردەستی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەروەها خۆسەپێنی دەسەڵاتی بچووكتری كەسی و حزبی بەسەر ئەو دامەزراوە تەشریعییەدا، بەسن بۆ ئەوەی بەدەنگەوەچوونی دەنگدەر بگاتە ئاستی بەستەڵەك و ڕەتكردنەوە، كە ئەمەیان تۆڵە و سزادانی گەلە! دیاریشە خەتاباری گەورە بۆ ئەم دۆخە گلادیتۆرەكانی شكۆشكێنی پەرلەمان كێن و لە پێناوی چیدا كرا؟
دیوێكی دیكەی بێئومێدیی هاونیشتمانی هەرێمێكی گەمارۆدراو بە قەیرانەكان، ئەوەیە كە كابینەی هەشتەم بێباكترینە لە ئاست چارەسەری قەیرانەكان و دۆخی سەرەتایی ژیانی خەڵك و مووچەخۆران، كە چوارساڵ زیاتر كار لەسەر كوشتی ویست و ئیرادە و ئومێدی خەڵك دەكات، كە وای كرد سوپایەكی تۆڵەستێن بەرهەم بهێنێت و تۆڵەی هەموو ئەو ناپەرپرسیارێتییەی دەسەڵاتدار و دەوڵەتمەدارە بێمشوورانە بكاتەوە.
ئەمانە و زۆری دیكەش، هۆكاری نادڵنیایی هێزەكانن، بەر لەوەش لە پرۆسەی (12ی ئایار)ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە ئەمساڵدا، مەسجی بێزاریی دەنگدەرانی هەرێم گەیشت، كە ڕێژەی بەشداریكردن زۆر لە خوار ئاستی چارەنووسسازی و هەستی نەتەوەیی كوردستانیانەوە بوو، بۆ پرۆسەیەكی لەوجۆرە، كە كورد تێیدا وەك دیلی دوای شكستی ڕیفراندۆمی (25ی ئەیلول)ی كۆمیتەكەی بارزانی خوڵقاندنی، لە بەردەم عێراقدا ڕاگیرا، بەڵام بەشداری و كاردانەوەكان دیسان ساردوسڕ بوون!
لەم ڕوانینەوە هەموو هێزە سیاسییەكان، مەیلی دواخستنی پڕۆسەكە دەكەن، بەڵام هیچیشیان ئامادە نین ئەو ویستە ڕاستەقینەیە بەیان بكەن، تەنیا لەبەر بەرژەوەندیی حزبیی، كە دەكاتە زاڵكردن و گرنگتربینینی حزب لە ئاست پرۆسەیەكی چارەنووسسازی گەل و دیموكراسیی دا، كە لەمەیاندا تێكڕای هێز و قەوارەكان لە یەك خانەدان، لە جوڵە و سەردان و پەیامی لابەلای سیاسیدا شەرمنانە بەیانی مەیلی دواخستنی پڕۆسەكە دەگەیەنن، چونكە لە دۆخی ماڵی لێكترازاوی سیاسیی ئەم هێزانەدا، بڕیاری كۆدەنگیان بۆ نادرێت.
سەردانی برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانیی شەڕی داعش، كە بە ڕاشكاوی داوای لە هێزە سیاسییەكان كردووە ئەم پڕۆسەی دوابخەن و داواكەشی ڕەت نەكراوەتەوە! بۆیە لە دوای ئەم پەیامەوە، ئەوەی هێزەكان لەسەر پڕۆسەكە دەیڵێن، جگە لە شۆیەكی درۆزنانەی هەڵخەڵەتێنەر هیچی دیكە نییە! تەنیا ئەوە نەبێت چاوەڕوانیی دەلاقەیەكی وتن دەكەن بۆ دواخستن، كە ڕەنگە ئەوەش بە پەرلەمانی كوردستان بسپێردرێت، چونكە مەكگۆرك وەك ئەمەریكا پەیامی هەیە، نەك فەرمانبەرێكی ئاسایی كۆشكی سپی كە بەر لە ڕیفراندۆمە وای پێوتراو پەیامەكەی بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم ڕەت كرایەوە و كاردانەوە و وەلامەكەش بینرا!
داوای مەكگۆرك بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لە پەرۆشی و خەمخۆریی سەرخستنی هەڵبژاردنەكەی (30 ئەیلول) نییە، بەڵكو لەو ڕوانگەیەوە كە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكرێتە قوربانی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی (12ی ئایار)ی عێراق، كە تا ئێستا ئەنجام و چارەنووسی نوێنەران و ئاییندەی عێراقی نادیار و تاریك كردووە و بەرژەوەندیی و دەسەڵاتی سیاسیی ئەمەریكای خستووەتە مەترسییەوە! بۆیە ترسی شكاندنی قسەی مەكگۆركیش هاتە سەر ترسی بێباكی دەنگدەران!
هێزی سیاسیی لە پشتی نمایشەكەوە، قبووڵی ناكات هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوا بخرێت، بەڵام بە ئاشكرا و بە ڕۆژی ڕووناك شكۆی پەرلەمانی لە مێژووی حوكمڕانی و سیاسیی كورددا ورد كردووە و ئێستا خەمخۆری پڕۆسەی دیموكراسییە! بەڵام بێكەیفیی بەگەرخستنی هێزی یاسایی و چاودێریكردنی پەرلەمانە!
لەسەروو هەر مەیل و بیانوویەكەوە، هەرێمی كوردستان شایستەی سیستمێكی پەرلەمانی نمونەیی، حكومەتێكی خزمەتكار و پەرلەمانێكی كارا و چاودێری ڕاستەقینەیە، ئەویش بە هەڵبژاردنێكی ڕاستەقینەی بێگەرد دێتە دی، كە لە ڕابردوودا باشووری كوردستان (هەرێم) پێی نەگەیشتووە، لەمپەرە كەسی و حزبییەكان ڕێگرن، كە ئەویش مەترسییە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group