ژمارەی ئەو كەسانەی بە هۆی كۆرۆناوە مردوون 30 هەزاری تێپەڕاند

28/03/2020 جیهان

نەوا
ژمارەی ئەو كەسانەی بە هۆی كۆرۆناوە لەسەرتاسەری جیهان گیانیان لەدەستداوە  بۆ سەرووی 30 هەزار كەس بەرزبوەوە و لەو ژمارەیە زیاتر لە 10 هەزار كەسیان لە ئیتالیا تۆمار كراون.
بەگوێرەی نوێترین ئامارەكان ژمارەی تووشبوان بە كۆرۆنا لە جیهان گەیشتوەتە 650 هەزار كەس و تەنها لە 24 كاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 50 هەزار حاڵەتی نوێ تۆمار كراون.
هەربەپێی ئەو ئامارانە تا ئێستا زیاتر لە 30 هەزار كەس بە هۆی كۆرۆناوە مردوون و نزیكەی 140 هەزار كەسیش چاكبوونەوە.
لەلایەكی ترەوە حكومەتی ئیتالیا بە فەرمی رایگەیاند، لە 24 كاتژمێری رابردوودا 889 كەسی تر بە كۆرۆنا مردوون و پێنج هەزار و 974 حاڵەتی نوێی تووشبوونیش تۆمار كراون.
بەم پێیەی تا ئێستا 10 هەزار و 23 كەس لە ئیتالیا بە هۆی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و 92 هەزار و 472 كەسیش تووشی ڤایرۆسە بوون.
هاوكات لە وڵاتانی ئیسپانیا، ئەڵمانیا و فەرەنساش ژمارەی تووشبووان و ئەو كەسانەی گیانیان لەدەستداوە بە خێرایی لە بەرزبوونەوەدایە و لە 24 كاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 16 هەزار حاڵەتی تووشبوون و نزیكەی هەزار حاڵەتی مردنیش لەو سێ وڵاتەدا تۆمار كراون.
هەرچی ئەمریكایە لە سەرەوەی ریزبەندی ئەو وڵاتانەدایە كە ڤایرۆسەكەیان تێدا بڵاوبووەتەوە و زیاتر لە 116 هەزار حاڵەتی تێدا تۆمار كراوە، كە لەو ژمارەیە تەنها 12 هەزار حاڵەتیان لە 24 كاتژمێری رابردوودا تۆمار كراون و ژمارەی ئەو كەسانەشی بە هۆی كۆرۆناوە لەو وڵاتە مردوون گەیشتوەتە نزیكەی دوو هەزار كەس.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group