كەوتنەوەی ئاگر لە كۆگای سندوقەكانی دەنگدان لە بەغدا كارێكی بە ئەنقەستە؟

10/06/2018

نەوا

سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، داوای دووبارە ئەنجامدانەوەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی كرد و رایگەیاند كەوتنەوەی ئاگر لە كۆگای سندوقەكانی دەنگدان لە بەغدا كارێكی بە ئەنقەستە و بە ئامانجی پەردەپۆشكردنی ساختەكارییەكانە. 
بەپێی بەیاننامەیەكی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق سەلیم جبوری رایگەیاندووە، "تاوانی سووتاندنی كۆگاكانی تایبەت بە سندوقەكانی دەنگدان لە ناوچەی رەسافە، كارێكی بە ئەنقەست و تاوانێكی پلان بۆ دارێژاوە كە ئامانج لێی شاردنەوەی حاڵەتەكانی یاریكردن و ساختەكارییە لە دەنگەكان و فێڵكردنە لە گەلی عێراق و گۆڕینی ئیرادە و ھەڵبژاردنییەتی". 
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتیشی: "دوای ئەوەی سەلمێنرا كە ساختەكاری لەدەنگدان كراوە و یاری بە ئەنجامەكانی كراوە و بە شێوەی ئەنقەست و ترسناك سووكایەتی بە ئیرادەی گەلی عێراق كراوە، داوای دووبارە ئەنجامدانەوەی ھەڵبژاردن دەكەین".
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە دەزگا ئەمنییەكان كردووە كە رێكاری پێویست بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بگرنەبەر و ھۆكارەكانیشی ئاشكرا بكەن. 
لەلایەكی دیكەش، ئەیاد عەلاوی جێگری سەركۆماری عیراق داوای پێكهێنانی حكومەتی كاتی و دووبارە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكانی كرد. 
ھاوكات زیا ئەلئەسەدی نوێنەری نووسینگەی سیاسیی سەر بە موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر، رایگەیاند، كە ئاگرەكە بە ئەنقەست ھەڵگیرساوە و ئامانجی ئەمەش ھەڵوەشاندنەوەی ھەڵبژاردنەكان بووە. 
ھەر لەمبارەیەوە جەلیل روبەیعی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا، رایگەیاند، كە ئاگرەكە ژووری پاراستنی سندووقەكانی دەنگدانی نەگرتووەتەوە و تەنها ئامێرەكانی ژماردنی ئەلیكترۆنی سووتاون.
ئەم داوایەی سەلیم جبوری دوای ئەوە دێت كە ئێوارەی رۆژی یەكشەممە لە بەغدا ئاگر لە یەكێك لە كۆگاكانی ھەڵگرتنی سندوقەكانی دەنگدانی ھەڵبژاردنەكان كە ناوەندی جیاكردنەوە و ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان بوو، كەوتەوە. 
لەوبارەیەوە لیوا سەعد مەعن وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو، ئاگر لە یەكێك لە كۆگاكانی سەر بە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان لە ناوچەی رسافە كەوتووەتەوە". 
سەعد مەعن ھیچ وردەكارییەكی دیكەی لەبارەی سندوقەكانی دەنگدانی ھەڵبژاردنە گشتییەكەی عێراق كە رۆژی 12ی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو، نەخستبووە روو. 
لای خۆیەوە ملازم حاتەم جبوری ئەفسەر لە پۆلیسی بەغدا، راگەیاندبوو "ئەو كۆگایەی كە ئاگرەكەی لێكەوتووەتەوە موڵكی وەزارەتی بازرگانییە و كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان بۆ ھەڵگرتنی سندووقەكانی دەنگدانی پەرلەمان بەكرێی گرتووە". 
جبوری ئاماژەی بەوەشكرد كە تاكو ئێستا هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە نەزانراوە و سەرنجی بۆ ئەوەش راكێشا كە كۆگاكە لەژێر چاودێری و پاسەوانی توندی ئەمنییدایە. 
بەپێی ئەنجامی كۆتایی ھەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەران كە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان رایگەیاندووە، ھاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر لە كۆی 329 كورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، 54 كورسی بەدەستهێنا و دوای ئەو ئیئتلافی فەتح بە سەرۆكایەتی ھادی عامری 47 كورسی مسۆگەركرد و ئیئتلافی نەسر بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیران، 42 كورسی بەدەستهێنا و ئیئتلافی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی جێگری سەركۆماری عێراق، 26 كورسی بەدەستهێنا و ھاوپەیمانی وەتەنییە كە لە لایەن ئەیاد عەلاوی جێگری سەركۆماری عێراق، سەرۆكایەتی دەكرێت،21 كورسی و رەوتی حیكمە بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم بووە خاوەنی 19 كورسی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group