خۆپیشاندانەكان یادی 14ی تەمموزی لەبیر عیراقییەكان بردەوە

14/07/2018 ئارام عوسمان

14ی تەمموزی ساڵی 1958 ژمارەیەكی سەربازی عیراقی كودەتایەكی سەربازيیان ئەنجامداو تێیدا سیستمی پاشایەتیان روخاندو سیستمێكی نوێی كۆماری راگەیەنراو ئەمڕۆ 60 ساڵ بەسەر ئەو كودەتایەدا تێدەپەڕێت، بەڵام عیراقيیەكان سەرقاڵی داواكردنی مافە سەرەتاییەكانیان و یادەكەیان تا رادەیەك لەبیركردووە.

جوڵانەوەی 14ی تەمموز
جوڵانەوەی 14ی تەمموز كە بە كودەتای 14ی تەمموزی 1958یش ناسراوە ئەو جوڵانەوەیە بوو، كە كۆتایی بە دەوڵەتی عیراقی هاشمی هێنا كە مەلیك فەیسەڵی یەكەم لەژێر چاودێری بەریتانیەكان دورستی كردبوو، جوڵانەوەكە كە سەركەوتنی بەدەستهێنا لەلایەن چەند ئەفسەرێكی سوپای ئەو كاتەی  عیراقەوە دەستیپێكرد، كە عەبدولكەریم قاسم سەركردایەتی كرد، دوای سەركەوتن هەریەكە لە مەلیك فەیسەڵی دووەم و عەبدول ئیلاهی جێنشین و نوری سەعیدی سەرۆك وەزیران لەسێدارەدران.
دوای كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی پاشایەتی دامەزراندنی یەكەم كۆماری عیراق راگەیەنرا و  عیراق بووە دەوڵەتێكی ئیشتراكی تاك حزبی و  ئەو دەسەڵاتی تاكڕەویەش  تا ساڵی 2003 بەردەوام بوو، ئەو كودەتایەش لە 8ی شوباتی ساڵی 1963دا  كودەتایەكی تری بەدواداهات و عەبدولكەریم قاسم لەدەسەڵات هێنرایە خوارەوەو لەسێدارەدرا.

رای مێژوونوسان لەسەر 14ی تەمموزو هۆكارەكانی سەرهەڵدانی
مێژوونوسان تائێستاش ناكۆكن لەسەر ئەوەی كە ئەو جوڵانەوەیە بە كودەتا یان شۆڕش ناوبهێنن، هەروەها روونیانكردووەتەوە كە شۆڕشەكە چەند هۆكارێكی لەپشت بوو، لەوانەش لەناوبردنی شۆڕشی رەشید عالی گەیلانی و بێهێزی حكومەتە عەرەبیەكان  لەشەڕی ساڵی 1948ی فەلەستین، هەروەها حكومەتی ئەو كاتەی عیراق بەسەرۆكایەتی نوری سەعید چووە ناو چەند رێكەوتنێكەوە كە كۆتا  دانەیان هاوپەیمانی بەغدای پێ دەوترا كە بووە هۆی كۆت و  بەندكردنی عیراق لەرووی سیاسی و سەروەری و سەرچاوەكانیەوە، بەپێی بۆچوونی مێژوونوسان سەرەكیترین دوو هۆكار بریتین بوون، لەفەرمانڕەوایی بەریتانیا لەعیراق و كۆمپانیا بیانیەكان كە كۆنترۆڵی سەروەت و سامانی عیراقیان كردبوو، بۆیە سوپای عیراق كە لەكەسە نەتەوایەتی و دیارەكانی عیراق پێكهاتبوون و لای عیراقیەكان خۆشەویست بوون، بڕیاریاندا كۆتایی بە رژێمی پاشایەتی   بهێنن، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی كە پێشتر و لەساڵانی 1949 و 1950  دوو جارو 1955 ئەو هەوڵە درابوو  بەڵام شكست  بە سەرجەم هەوڵەكان هێنرابوون.

عەبدولكەریم قاسم
لەدوای جوڵانەوەی 14ی تەمموز عەبدول كەریم قاسم یەكەم سەرۆك كۆمارو سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی عیراق و وەزیری بەرگری بەوەكالەت بوو لەساڵی 1958ەوە تا ساڵی 1963، ساڵی 1914 لەشاری بەغدا لەخێزانێكی هەژارو لەدایكێكی شیعی و باوكێكی سونی لەدایكبووەو لەساڵی 1934 بە پلەی مولازمی دووەم و لەئاستێكی باڵادا كۆلێژی سەربازی تەواو كردووەو دواتر تا ئامر لیوا رۆشتووە، بەشداری چەندین رێكخراوی نهێنی كردووەو دواتر لەگەڵ هاوەڵانی لە رێكخراوی نهێنی "ئەحرار" كە لە چەندین ئەفسەرو دەسەڵاتداری سەربازی پێكاتبوون یەكێك لەوانەش "عەبدولسەلام عارف"، هەستان بە ئەنجامدانی جوڵانەوەی 14ی تەمموز، عەبدول كەریم قاسم لای هاوڵاتیان خۆشەویست بووەو  رەمزێكی نیشتمانی و خۆشەویستی بوو  لای گەل و ئەو كەسانەی خەونیان بە گۆڕانكاریەوە دەبینی  بەتایبەتی چینی هەژارەكان، سەرەڕای تەمەنی كورتی دەسەڵاتی قاسم  چەندین كاری گەورەی ئەنجامدا، بەڵام لە8ی شوباتی ساڵی 1963 كە لە رۆژی 14ی رەمەزاندا بوو، حزبی بەعس هەستان بە كودەتایەكی ترو عەبدولكەریم قاسم دەستگیر كرا و  رۆژی 9ی شوبات لەسێدارەیاندا.
سەرەڕای ئەوەی 60 ساڵە كۆماری عەرەبی دامەزراوە، بەڵام ئەم كۆمارە رووبەڕووی چەندین هەورازو نشێوی بووەتەوە، هەر لەرووخانی عەبدولكەریم قاسم و دەسەڵاتی بەعس لەسەردەمی سەدام حسێنی دیكتاتۆردا، تا ساڵی 2003 كە لەلایەن ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی دەسەڵاتی سەدام حسێن و تاك حزبی، كۆتایی پێهێنرا، ئێستاش سەرجەم دەسەڵاتەكان لەرێگەی هەڵبژاردنەوە لە عیراق دیاری دەكرێن، بەڵام ئەمساڵ   خەڵك تا رادەیەك ئەم یادەیان لەبیر كردووە، ئەوەش بەهۆی خراپی گوزەران و  نەبوونی ئاوو كارەباو هەلی كار و خزمەتگوزاری، كە بووتە هۆی هەڵگیرسانی خۆپیشاندان لەچەندین پارێزگای عیراق و كەوتنەوەی توندوتیژی و هێرشكردنە سەر بارەگای حكومی و حزبیەكان و برینداربوونی چەندین خۆپیشاندەر، بەڵام تائێستا عەبدولكەریم قاسم شوێنكەوتووی هەیەو لەیادنەكراوە رۆژی  شەمە  14 تەمموز،  هاوكات بو لەگەڵ شۆڕشی 14ی تەمموزی 1985 ژمارەیەك لایەنگری قاسم بەبۆنەی یادی 60 ساڵەی شۆڕشەكەوە هەستان بەكردنەوەی ئارامگەیەك لەشاری كەركوك بۆ یەكەم سەرۆك كۆماری عیراق.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group