راپۆرتێك لەسەر كەموكورتیەكانی پەرلەمانی كوردستان دەخرێتەرو

15/07/2018

نەوا

مووچەی پەرلەمانتار بەدەر لە سیستەمی پاشەكەوت بریتییە لە مووچەی بنەڕەتی 5 ملیۆن و 700 ھەزار دینار، میوانداری یەك ملیۆن و 500 ھەزار دینار، ھاتوچۆ یەك ملیۆن دینار، دەرماڵەی لیژنە 500 ھەزار دینار، واتە سەرجەمی مووچەكەی 8 ملیۆن و 700 ھەزار دینارە.
لە دانیشتنی رۆژی یەكشەممەی پەرلەمانی كوردستان تەوەرێكی بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكە تەرخانكرابوو  بۆ خوێندنەوەی راپۆرتێكی شیكاری لەسەر كاری ئیداری و كارگێڕی لە پەرلەمانی كوردستان كە لە لایەن مەدینە ئەیوب  بڕیاردەری لیژنەی كاروباری پەرلەمانی كوردستان، ئامادەكرابوو.
بەپێی راپۆرتەكە تاوەكو ئێستا، 45 راوێژكاری پەرلەمان خانەنشین كراون كە 12 لەوان ساڵێك خزمەتیان تەواونەكردووە و خانەنشین كراون، ھەروەھا ئەوانی دیكە كە ماونەتەوە لە 10 ساڵ زیاتر خزمەتیان نەكردووە و خانەنشین كراون.
سەبارەت بە قەرزی نیشتەجێبوون بۆ راوێژكاران و فەرمانبەرانی پەرلەمان بەپێی راپۆرتەكە  ھاتووە كە لە ساڵی 2011 پەرلەمان بڕی 36 ملیار و 50 ملیۆن و 25 ھەزار دیناری بە قەرز داوەتە ئەو دوو توێژە و لە راپۆرتەكەدا ھاتووە "بەزووترین كات فەرمان دەربچێت دەربارەی قەرزی راوێژكاران و فەرمانبەران و مانگانە  رێژەیەك لە موچەكانییان بۆ قەرزەكانییان ببڕدرێت".
ھەرچی پەیوەستە  بە ژمارەی فەرمانبەران و گرێبەستەكانی پەرلەمانەوە  ئەوا  ژمارەیان دەگاتە 652 كەس كە لە دیوانی پەرلەمانی كوردستان ھەن.
مەدینە ئەیوب پەرلەمانتار لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە ئاژانسی ئانادۆڵی راگەیاندووە، "ئەو راپۆرتەی پێشكەشمان كرد   بریتی بوو لەوەی ئیشوكارەكانی پەرلەمان  چۆن بەڕێوە دەچن كە بەشێكی پەیوەندیی بە پڕۆژەی چاكسازییەوە ھەبوو، بەشێكیشی پەیوەندیی بە پەیڕەوی ناوخۆ و ھەروەھا بەشێكی پەیوەندیی بە ئیشوكارەكانی ناو پەرلەمانەوە هەبووە، لەنێو ئەو راپۆرتەدا باسی راوێژكارانی ناو پەرلەمان و ئەوانەشی  كە خانەنشینكراون و  مووچەی ئەوان و ئەو نایاساییانەی كراون لەو بابەتە كە بەشێكییان بەپێی یاسای ژمارە 36ی ساڵی 2014 بێت، ھەروەھا باسی فەرمانبەرانی پەرلەمانمان كردووە كە رێژەیان زۆرە و دەبێت ئەو وەزارەتانەی پێویستیی پێیان ھەیە بەشێكییان  دابەش بكرێن بەسەر ئەوان".
ھەرچی پەیوەندیی بە كۆی گشتی ئۆتۆمبیلەكانی دیوانی پەرلەمان و چۆنیەتی دابەشكردنیان و خەرجی و چاككردن و سووتەمەنییانەوە ھەیە، ئەوا بەپێی راپۆرتەكەی مەدینە ئەیوب بڕیاردەری لێژنەی كاروباری پەرلەمان، پەرلەمانی كوردستان 126 ئۆتۆمبیلی ھەیە و بەمشێوەیە دابەش بوون:
- راوێژكارانی پەرلەمان، 42 ئۆتۆمبیل.
- دیوان، ھاتوچۆی فەرمانبەران، 27 ئۆتۆمبیل.
- بەڕێوەبەرانی بەش، 18 ئۆتۆمبیل.
- ئەندامانی پەرلەمان، 12 ئۆتۆمبیل.
- نوسینگەكانی پەرلەمانی كوردستان، 8 ئۆتۆمبیل.
- سەرۆكایەتی پەرلەمان، 6 ئۆتۆمبیل.
- پڕۆتۆكۆل، 4 ئۆتۆمبیل.
- بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتییەكان، 4 ئۆتۆمبیل.
- ئاسایشی پەرلەمان، 3 ئۆتۆمبیل.
- بەڕێوەبەری گشتی دیوان، یەك ئۆتۆمبیل.
- بەڕێوەبەری گشتی دیوان بە وەكالەت، یەك ئۆتۆمبیل.
لەو راپۆرتەی ئەو پەرلەمانتارەدا ھاتووە خەرجی و سووتەمەنی بۆ ئۆتۆمبیلەكانی دیوانی پەرلەمان مانگانە خەرج دەكرێت، ھەروەھا بەشی هەرە  زۆری خەرجی خزمەتگوزارییەكانی رۆن گۆڕین و  چاككردن و شووشتنی ئەو ئۆتۆمبیلانەی لەلای راوێژكاران و فەرمانبەرانن خەرج دەكرێت.
ھەرچی پەیوەستە بە نووسینگەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە ئەوا 8 نووسینگەن، ژمارەی فەرمانبەرانیان 89 فەرمانبەرە، 16 یان گرێبەستن.
بەهۆی" خەرجییە زۆرەكانییانەوە" ئەو پەرلەمانتارە  پێشنیاز دەكات "لەجیاتی نووسینگەكان  سندوق لە ھەموو پارێزگا و قەزا و ناحیەكان دابنرێت بۆ كاروباری هاووڵاتییان و ئەو فەرمانبەرانەی نووسینگەكانیش  بگوێزرێنەوە بۆ ئەو وەزارەتانەی پێویستیان بە فەرمانبەر ھەیە".
مەدینە ئەیوب لە درێژەی قسەكانیدا روونی دەكاتەوە "چەندین نوسینگەی پەرلەمان كراونەتەوە  كە خەرجیان زۆرە و پێویستە ئەو خەرجییانە رابگیرێت و لەجیاتی ئەو نووسینگانە سندوق لە پارێزگا و شار و ناحیەكان دابنرێت و كەسێك ھەبێت ئەو سندوقانە بكاتەوە و ناوەڕۆكەكانیان بگەیەننە پەرلەمانی كوردستان، بەمەش لەڕێگەی ئەم راپۆرتەوە خەرجییەكی زۆری پەرلەمان كەمدەكرێتەوە".
ئەوەشی پەیوەندیی بە مووچەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و مووچەی ئەندامانی پەرلەمانەوە ھەیە، ئەوا راپۆرتی "شیكاری لە كاری ئیداری و كارگێڕی لە پەرلەمانی كوردستان"، كە لەلایەن مەدینە ئەیوب بڕیاردەری لیژنەی كاروباری پەرلەمانەوە، ئامادەكراوە مووچەكان بەمشێوەیە دەردەخات:
- سەرۆكی پەرلەمان، مووچەی بنەڕەتی 5 ملیۆن و 700 ھەزار دینار، میوانداری 4 ملیۆن و 250 ھەزار دینار، واتە سەرجەمی مووچەكەی دەكاتە 9 ملیۆن و 950 ھەزار دینار.
- جێگری سەرۆكی پەرلەمان، مووچەی بنەڕەتیی 5 ملیۆن و 700 ھەزار دینار، میوانداری 4 ملیۆن دینار، سەرجەمی مووچەكەی 9 ملیۆن و 700 ھەزار دینار.
- سكرتێری پەرلەمان، مووچەی بنەڕەتی 5 ملیۆن و 700 ھەزار دینار، میوانداری 3 ملیۆن و 250 ھەزار دینار، ھاتوچۆ 2 ملیۆن دینار، سەرجەمی مووچەكەی 10 ملیۆن و 950 ھەزار دینار.
- پەرلەمانتار، مووچەی بنەڕەتی 5 ملیۆن و 700 ھەزار دینار، میوانداری یەك ملیۆن و 500 ھەزار دینار، ھاتوچۆ یەك ملیۆن دینار، دەرماڵەی لێژنە 500 ھەزار دینار، واتە سەرجەمی مووچەكەی 8 ملیۆن و 700 ھەزار دینار.
لە دوای جێبەجێكردنی سیستەمی پاشكەوت لەسەر مووچە لە ھەرێمی كوردستان ئەوا رێژەی 75% ئەو مووچەیەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان وەریدەگرن  لێی بڕاوە و مانگەكانی، 9، 10، 11و 12ی ساڵی 2015 دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمان مووچەیان وەرنەگرتووە، ھەروەھا لە ساڵی 2016 لە مانگی یەك تا 12 سێ مووچەیان وەرگرتووە و لە ساڵی 2017ش لە مانگی یەك تا 10 دوو مووچە و نیوییان وەرگرتووە.
ھەرچی پەیوەستە بە شوێنی نیشتەجێبوونی پەرلەمانتارانیشەوە  ئەوا 56 یان لە شوقەكانی ناز ستیین لە ھەولێر كە بە "شوقەكانی زەكەریا" دەناسرێت، ھەروەھا 61یان لە گوندی ئیتاڵی و 6یشیان لە ڤێلا دەژیین، كە سەرباری ژمارەی پەرلەمانتاران چەند كەسێكی دیكە كە 12 كەس دەبن بەناوی پەرلەمانەوە لەو شوقانەدا نیشتەجێن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group