ئەو پۆلیسەی 40 هەزار دۆلارەكەی دۆزییەوە لە سلێمانی رێزی لێنرا

16/07/2018

نەوا

بەهۆی‌ گەڕاندنەوەی‌ بڕی‌ 40 هەزار دۆلار بۆ خاوەنەكەی‌، بەڕێوەبەری‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ سوپاسی‌ كارمەندێكی‌ پۆلیس دەكات.
بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە، عەمیدی‌ مافپەروەر ئاسۆ تەها عەبدولكەریم بەرێوەبەری‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ سوپاس‌ و پێزانین ئاراستەی‌ كارمەندێكی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ كوردسات كردووە بەهۆی‌ گەڕاندنەوەی‌ بڕی‌ 40 هەزار دۆلار بۆ بنەماڵەی‌ هاووڵاتییەك، كە كۆتایی بەژیانی‌ خۆی‌ هێناوە.
پاش ئەوەی‌ رۆژی‌ 2-7-2018 هاووڵاتییەك لەگەڕەكی‌ هاوكاری‌ كۆتایی بەژیانی‌ خۆی‌ هێنا، "رێباز حەمە فایەق حەمە عارف" كارمەندی‌ ئێشكگری‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ كوردسات چۆتە شوێنی‌ روداوەكەو بەشێوەیەكی‌ یاسایی كارەكانی‌ ئەنجامداوە، لە ژوری‌ كۆچكردودا بڕی‌ 40 هەزار دۆلاری‌ دۆزیوەتەوە، لەكاتێكدا هیچ كارمەندێكی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ ناوبراو ئاگاداری‌ دۆزینەوەی‌ ئەو بڕە پارەیە نەبون‌ و بنەماڵەی‌ كۆچكردوەكەش بێ ئاگابون لەوەی كوڕەكەیان ئەو بڕە پارەیەی هەبوە.
لە بەرانبەر ئەو كارەدا، عەمیدی‌ مافپەروەر ئاسۆ تەها عەبدولكەریم بەڕێوەبەری‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ سوپاس ‌و پێزانینی خۆی‌ ئاراستەی‌ ئەو كارمەندە كردوە و هیوای‌ خواستوە نمونەی‌ لەناو هێزەكانی‌ پۆلیسدا زۆر بێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group