بەسڕە.. شارە زەنگینە بێنازەكەی عیراق هاواری لێهەڵساوە

16/07/2018 محەمەد حەسەن

خۆپیشاندانەكانی باشور و ناوەڕاستی عیراق قسە و باسی جیاجیا هێناوەتە ئاراوە، رۆژنامەنوسێك جیا لە هۆكارە ناوخۆییەكان باس لە بوونی دەستی دەرەكی دەكات، بەرپرسێكی یەكێتی دەڵێت، چەند مانگ بەر لە ئێستا هۆشداری تەقینەوەی دۆخەكەیان داوەتە لایەنە عیراقیەكان و بەرپرسێكی پارتیش لە بەغدا گەشبین نییە بەوەی حكومەت بتوانێت بەڵێنەكانی بە خۆپیشاندەران جێبەجێ بكات و پەرلەمانتارێكی كوردیش پێیوایە عیراقییەكان پشودرێژنین لە خۆپیشاندان.


"بەسڕە دەوڵەمەندترین شاری عیراقە و 90% بودجەی عیراق و 80% ی نەوت لەو شارەوە دابین دەكرێت، ئەمە جگە لە بەرهەمی كشتوكاڵ، بەڵام تا ئێستا ئەم شارە لە خراپترین دۆخی خزمەتگوزاریدا دەژی، من وەك رۆژنامەنوسێك زیاتر لە جارێك سەردانی ئەو شارەم كردووە، ئەتوانم بڵێم لە رووی خزمەتگوزاریەوە لە دوای هەموو شارەكانی عیراقەوەیە"، رۆژنامەنوس خالید سلێمان لە میانی بەرنامەی لەگەڵ رووداوەكانی رادیۆ نەوا سەبارەت هۆكاری دەستپێكردنی ناڕەزایەتیەكانی بەسڕە وای وت.
ئەو رۆژنامەنوسە ئاماژەی بە هۆكارێكی تركرد، كە ئەویش بریتی بوو لەوەی بەپێی گرێبەستەكانی كۆمپانیای نەوتی بەسڕە كە كۆمپانیایەكی حكومیە، ئەو كۆمپانیا نەوتیە بیانیانە لەو پارێزگایە كاردەكەن، كاروباری پاراستنیان سپاردووە بەو كۆمپانیایانەی كرێكارەكاریان خۆماڵی نین، ئەمەش لە كاتێكدایە رێژەی بێكاری لەو پارێزگایە 40%.


جیا لە نەبوونی خزمەتگوزاریەكان و بێكاری، خالید سلێمان باس لە هۆكارێكی تر دەكات ئەویش شێوەی حكومڕانی و بەڕێوەبردنە لەو پارێزگایە كە ئاوێتەی ململانێ سیاسیەكان بووە و چەند لیست و حزبێك لەوانە فەزیلە، رەوتی سەدر و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی پێشوو دەسەڵاتیان لەبەسڕە بەدەستەوە بووە. رونیشیكردەوە، لە بەسڕە پارێزگار زیاتر لە دوو جێگری هەبووە و هەر جێگرێكیش دەسەڵاتی خۆی هەبووە، بەڵام دەسەڵاتەكانیان بە پێی یاسا رێكنەخرابوو بەڵكوو بەپێی دەستڕۆیشتوویی حزبەكەیان بووە و ئەمەش چەند كێشەیەكی بەدواوە بووە.
لای خۆیەوە سەعدون فەیلی، بەپرسی پەیوەندیەكانی یەكێتی لە بەغدا دۆخی ئێستای باشوری عیراق بە چاوەڕوانكراو و پێشبینیكراو دەزانێت، ئەوەش پاڵپشت بە رێژەی كەمی بەشداری هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە لە هەڵبژاردن و دەشڵێت، لە میانی سەردانی وەفدێكی باڵای حزبەكەی بۆ بەغدا بە سەرۆكایەتی مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوەیان بە لایەنە عیراقیەكان وتووە، كە پێویستە خوێندنەوەی ورد بۆ هۆكاری كەمی رێژەی بەشداربوون لە هەڵبژاردن بكرێت بە تایبەتی كە لە هەندێك ناوچە نزیكەی 30% بووە و ئەگەر كێشەكانی خزمەتگوزاری، كێشەكان لەگەڵ هەرێم و لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە چارەسەر نەكرێن، دۆخەكە دەتەقێتەوە.


هەرسەبارەت بە پرسی خۆپیشاندانەكانی بەسڕە، شوان محەمەد تەها، بەرپرسی لقی 5 ی پارتی لە بەغدا، باس لەوەدەكات كە خۆپیشاندانەكان لەو شارە سەرەتا بچوك بوون، بەڵام لایەنە سیاسیەكان، رێڕەوەكەیان گۆڕیوە و دۆخەكەیان شێواندووە.
سەبارەت بە بوونی دەستی دەرەكیش لە پشت ئەو خۆپیشاندانانەوە، شوان محەمەد تەها، پێیوایە ئەوەی لایەنە سیاسیەكان لەو بارەوە باسی دەكەن، سڕینی دەستی چەوری خۆیانە بە كراسی خەڵكی تر، بەڵكوو هۆكاری سەرەكی ئەو كێشانە ناكۆكی قوڵی لایەنە سیاسیەكانە و ئەم ناتەباییەش لە حكومەتدا بە جۆرێك رەنگی داوەتەوە، كە ناتوانێت پابەندی دەستور بێت و ناتوانێت یاسا و رێساكان بە جۆرێك رێكبخات، كە لەبەرژەوەندی گەلانی عیراق بێت.
هەر دەربارەی دەستوەردانی دەرەكی سەعدون فەیلی هەرچەندە پێی وایە سنوری عیراق كراوەیە بەڕووی دەستوەردان و شوێنی تەراتێنی وڵاتانی وەك توركیا، ئەمریكا و ئێران و وڵاتانی كەنداوە، بەڵام ئەوەی كە دەوترێت ئێران لە پشت ئەو خۆپیشاندانانەوەیە رەنگە راست نەبێت، بەو پێیەی بەرژەوەندی تاران لە سەقامگیری عیراق و ئەو ناوچانەیە، وتیشی: ئەگەر دەستوەردانەكە بۆ بەسڕە راست بێت و پەیوەندی بە نەوتەوە بێت، ئەی بۆ نەجەف و سەماوە و شارەكانی تر چی.


لەبەرامبەردا خالید سلێمان دەڵێت، دەستپێكردنی ئەو خۆپیشاندانانە بە ماوەیەكی كەمە دوای هەڕەشەكانی سەرۆكی ئەمریكا بۆ گەڕاندنەوەی سزا ئابوریەكان بۆ سەر ئێران، بە تایبەتی كەرتی نەوتی ئەو وڵاتە، جیا لەوە كەمبوونەوەی بڕی نەوتی كۆگاكراوی ئەمریكا، ئەو دەرفەتەی بۆ ئێران رەخساندووە، كە بە رێگەی وەستاندنی بەرهەمهێنانی نەوتی بەسڕە، كە یەكێكە لە گەورەترین شوێنەكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە جیهان، نرخی نەوت بەرزبكاتەوە بەمەش كاریگەری بكاتە سەر سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریكا.
  خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكانی باشور و ناوەڕاستی عیراق لە دۆخێكدایە كە تەمەنی خولی سێهەمی ئەنجومەنی نوێنەران بەسەر چووە و حكومەت بە بێ چاودێری ئەو دامەزراوەیە كارەكانی بەڕێوە دەبات.
بۆ وەڵامدانەوەی ناڕەزایەتیەكان و داواكاری خۆپیشاندەران لە بارەی رەخساندنی هەلی كار و باشتركردنی خزمەتگوزاریەكان، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق گوژمی 3 ترلیۆن و 500 ملیار دیناری تەرخان كردووە، دەربارەی ئەوەی ئایا ئەو هەنگاوە ناڕەزایەتیەكان دادەمركێنێتەوە یان نا، شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقی 5 پارتی وتی: حكومەتێك بە 15 ساڵ نەیتوانیبێت خزمەتگوزاریەكان ی وەك ئاو و كارەبا دابین بكات، بە چەند رۆژ و مانگێكیش ناتوانێت ئەو كارە بكات، چوونكە دابینكردنی ئەو خزمەتگوزاریانە و رەخساندنی هەلی كار هەر وا سانا نین و بە بڕیارێك و تەرخانكردنی گوژمێك پارە دەستەبەر نابێت.
جەختیشی كردەوە لەوەی كە دۆخی عیراق بۆ ناتەندروستی سیستەمی سیاسی دەگەڕێتەوە و ئەوانەی حكومڕانی ئەو وڵاتەش دەكەن پیاوی دەوڵەتداری نین و هیچ پلانێكی ستراتیژیان بۆ باشتركردنی ژێرخانی ئابوری عیراق نییە، تاكوو بڕوا بە خەڵك بهێنێت، چوونكە بێمتمانەیی خەڵك كارتێكەری زۆری لەسەر دروستبوونی ئەم دۆخە هەبووە.
"عەبادی كۆتایی حكومەتەكەی، نایەوێت شكستێك تۆمار بكات، كە ئەگەری دوبارەبوونەوەی ویلایەتەكەی لاواز بكات، ئەو بەدوای دووبارەكردنەوەی ویلایەتەكەی خۆیەتی، بۆیە دەیەوێت لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم خۆپیشاندانانە، بەشێوەیەك هەڵسوكەوت بكات كە لە نزیك خەڵكەوە بێت" ئەمەش خوێندنەوەی زانا رۆستایی، ئەندامی خولی سێهەمی ئەنجومەنی نوێنەرانە لە بارەی هەوڵەكانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ بەدەمە هاتنی داواكاری خۆپیشاندەران.
دەربارەی ئەوەی بە لەبەرچاوگرتنی كۆتاییهاتنی تەمەنی خولی سێهەمی ئەنجومەنی نوێنەران، حكومەت دەتوانێت دەسەڵاتەكانی خۆی بەتەواوەتی بكاربهێنێت یان نا، رۆستایی وتی، حكومەت لە ئێستادا كاربەڕێكەر نییە، ئەو كاتە دەبێتە كاربەڕێكەر كە یەكەم دانیشتنی خولی داهاتوو ئەنجامدرا و تا ئەو كاتەی حكومەتی نوێ پێكدێت ئەو حكومەتە دەبێتە كاربەڕێكە، بەڵام لە ئێستادا هیچ دەقێكی یاسایی نییە كە رێگە لە حكومەت بگرێت سەرجەم دەسەڵاتەكانی بەكاربهێنێت.

دەربارەی پێشبینیەكانیشی بۆ خۆپیشاندانەكان ئەو پەرلەمانتارە كوردە كە ئێستا لە بەغدایە، وتی: پێشبینی كردنی داهاتووی سیاسی عیراق ئاسان نییە، عیراق چەندین جار لەو جۆرە گرفتانەی بە خۆیەوە بینیوە و لێی دەرباز بووە، ئەمجارەش بەدور نییە هەمان دەرەنجامی هەبێت، چونكە خەڵكی عیراق پشوودرێژ نییە و تا ماوەیەكی كورت ئەم خۆپیشاندانەی پێدەكرێت، مەگەر لایەنێكی سیاسی وەك سەدریەكان لە پشت ئەو خۆپیشاندانانەوە بن، لەوەها دۆخێكدا رەنگە نەوەستێتەوە و بگاتە ئەنجامێك.
بەخۆی ئەو خۆپیشاندانانەوە، كە گرژی و توندوتیژی لێكەوتوەتەوە، چەند سەرچاوەیەكی نافەرمی باس لە كوژرانی لانی كەم 5 كەس و برینداربوونی دەیانی تر دەكەن و لەچەند شوێنێكیش مڵك و ماڵی گشتی كەوتوەتە بەر توڕەیی خۆپیشاندەران.
ئەوەی ماوەتەوە، ئەوەیە ئایا عەبادی و حكومەتەكەی لەپێناو دوبارە مانەوەی دڵی ناڕازیەكان سەر شەقام بەدەستدەهێنێت و توڕەییەكەیان دادەمركێنێت، یان عیراق دەخزێتە تونێلێك كە ئەوسەری نادیارە؟

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group