لیرەی توركی هاڕەی كرد

10/08/2018 جیهان
هاوشانی بەردەوامی قەیرانی پەیوەندیەكانی ئەنقەرە و واشنتۆن، تا دێت دراوی نیشتمانی توركیا زیاتر بەهای خۆی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی لەدەست دەدات و رۆژی هەینیش ئەو داكشانە ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار كرد.
بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، رۆژی هەینی یەك دۆلاری ئەمریكا لە سەرووی شەش لیرەوە مامەڵەی پێوەكراوە و ئەمەش نزمترین ئاستە كە تا ئێستا تۆمار كرابێت.
چەند رۆژێكە نرخی لیرەی توركی بەرانبەر دۆلاری ئەمریكی رووی لەدابەزین كردووە، ئەوەش بەهۆی ئەو كێشانەی لەنێوان دەسەڵاتی ئەنقەرەو واشتنۆن هەیە و بێ ئەنجامبوونی كۆبوونەوەی شاندی حكومەتی توركیا و شاندی ئەمریكی لەسەر ئاسایی كردنەوەی پەیوەندیەكانیان زیاتر لیرەی خستە لێژیەوە.
جێی باسە لەكۆتا مامەڵەكانی رۆژی پێنج شەممە نرخی لیرەی توركی هەر 5.5 لیرەیەك بە 1 دۆلارێكی ئەمریكی مامەڵەی پێوەكرابوو.
پسپۆڕانی ئابووریی توركیا چەند پێشنیازێكیان بۆ پێشگرتن لە دابەزینی لیرە خستەڕوو، ئەوانەش بریتی بوون لە، دەستهەڵگرتن لە زیادەڕۆیی لە كەرتی گشتیدا، خۆپاراستن لەو هەنگاوانەی قەرز لەسەر گەنجینەی دەوڵەت زیاددەكەن، پێشگرتن لە هاوردەكاریی ئارەزوومەندانە و پێویستییە سێیەمینەكان، كۆبوونەوە لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی كە پێویستیان بە دراوی بیانییە و دەستخستنی دراوەكە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە، دروستكردنی قەناعەت لای خەڵك لەبارەی گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانەی كە هەڵاوسان بەرزدەكەنەوە، لەگەڵ ئەنجامدانی هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتی چین بۆ هەنگاوی كرداری.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group