ئاگادارییه‌ك بۆ ئه‌و عیراقیانه‌ى سه‌ردانى ئێران ده‌كه‌ن

14/08/2018 عێراق

نه‌وا

باڵیۆزخانه‌ى عیراق له‌ تاران هاووڵاتیانی عیراقی ئاگادارده‌كاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر گه‌شتی ئێران ده‌كه‌ن، ده‌بێت ئاگادارى خۆیان بن، چونكه‌ تاوانه‌كانى كوشتن و دزى زیادیان كردووه‌.
راجح موسه‌وى باڵیۆزى عیراق له‌ تاران به‌ رۆژنامه‌ى "حه‌یات"ى له‌نده‌نى وتوه‌ "باڵیۆزخانه‌كه‌ داوا له‌ سه‌رجه‌م ئه‌و عیراقیانه‌ ده‌كات، كه‌ سه‌ردانى ئێران ده‌كه‌ن ئاگادارى خۆیان بن به‌تایبه‌تى له‌ كاتى گواستنه‌وه‌ و مامه‌ڵه‌كردندا، به‌تایبه‌تیش له‌ شه‌ودا.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌، حاڵه‌ته‌كانى كوشتن و دزیكردن له‌ گه‌شتیاران رووى له‌ زیادبوون كردووه‌، حاڵه‌ته‌ تۆماركراوه‌كانیش زۆر نین، به‌ڵام روودانیان له‌یه‌ككاتدا هه‌ڵایه‌كى راگه‌یاندنى گه‌وره‌ى دروستكردوه‌.
باڵیۆزى عیراق رونیشیكردۆته‌وه‌، رۆژانه‌ 20 هه‌زار سه‌ردانیكه‌ر ده‌چنه‌ ئێرانه‌وه‌، هه‌ندێك هاووڵاتى سوارى ئۆتۆمبێلى نه‌ناسراو ده‌بن له‌ناو ئێراندا و ئه‌وه‌ش كێشه‌یان بۆ دروستده‌كات.
سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌ له‌ناوچه‌ى عه‌بادانى ئێران، گه‌شتیارێكى عیراقى كوژراو هه‌رچى پاره‌ى پێبوو دزرا، دواتریش هێرشكرایه‌سه‌ر 3 گه‌شتیارى دیكه‌ی عیراقی و هه‌رچى له‌پاره‌و مۆبایل و پاسپۆرته‌كانیان بوو دزرا، حكومه‌تى ئێرانیش ئاشكرایكردووه‌، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌زیادبوونى ئه‌و حاڵه‌تانه‌ ده‌ستیپێكردووه‌و عیراقیشى دڵنیاكردۆته‌وه‌، كه‌ له‌ناوچه‌ گه‌شتیاریه‌كاندا هێزه‌ ئه‌منیه‌كان زیادكراون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group