قەدۆ: لە 100 هەزار ئەندامی داعش لە نەینەوا تەنها 17 هەزاریان دەستگیركراون

21/05/2019 عێراق

نەوا
حەنین قەدۆ ئەندامی پەرلەمانی عیراق لەسەر پشكی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، رێكخراوی داعش 100 هەزار ئەندامی لە پارێزگای نەینەوا هەبوو، كە لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە داواكراوبون، بەڵام تائێستا 17 هەزاریان دەستگیركراون.
حەنین قەدۆ لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی: 100 هەزار داعش لە نەینەوادا هەبوو، بەڵام هێزە ئەمنیەكان توانیویانە 17 هەزاریان دەستگیربكەن، بۆیە پارێزگاكە پێویستی بەهەوڵی ئەمنی گەورەیە بۆ دەستگیركردنی شانە نوستووەكانی ئەو رێكخراوە، كە لە ناوچەكەدا بڵاوبونەتەوە.
هەروەك وتی "رێژەیەكی زۆری ئەو ئەندامانەی داعش تائێستاش لەپارێزگاكەدان یان لەهەرێمی كوردستانن یاخود لە توركیان، بۆیە پێویستە بەدواداچوونێكی ورد بۆ ناوی ئەو تیرۆریستانە بكرێت و دەستگیربكرێن".
ئەو پەرلەمانتارە رونیشیكردوەتەوە، پارێزگای نەینەوا زۆر ئاڵۆزە و پێویستی بەكاری زۆرە لەسەر هەموو ئاستەكان چ ئەمنی بێت یان سیاسی و پشتگیری مەنسوڕ مەرعید پارێزگاری نوێ‌ دەكەن بۆئەوەی بتوانێت نەینەوا لەدەستوەردانەكانی دەرەوەی پارێزگاكە دوربخاتەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group