تەندروستیی سلێمانی: لیژنەیەكی تایبەت لێكۆڵینەوە لە گیان لەدەستدانی هاووڵاتییەكەی نەخۆشخانەی شار دەكات

21/01/2020

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی
د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لەوەڵامی بابەتی گیان لەدەستدانی هاووڵاتییەك بەهۆی كەمتەرخەمییەوە لە نەخۆشخانەی شار رایگەیاند، لیژنەیەكی تایبەت پێكهێنراوە بۆ لێكۆڵینەوە لەو روداوە و فایلی نەخۆشەكە سەرجەم زانیاریەكانی تێدایە لە كاتی سەردانیكردنی پزیشكەكە و ئەو جۆرە دەرمانانەی وەریگرتوە.
ئەمڕۆ لە پرێس كۆنفرانسێكدا لە سلێمانی، د.سەباح هەورامی وەڵامی نوسینێكی عومەر عینایەت پەرلەمانتاری پێشوی كوردستانی دایەوە، كە ئاماژەی بەوەدابو بەهۆی كەمتەرخەمییەوە كەسێكی نزیكیان گیانی لەدەستداوە.
لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی وتی "بەپێی بەدواداچونەكانی خۆمان بەشێكی قسەكانی ئەو بەڕێزە دروستە و زانیاری تر هەیە باسی نەكردوە، چونكە لەكاتی هاتنی هاووڵاتییەكە بۆ نەخۆشخانەی شار راستەوخۆ سیتی سكانی بۆ كراوە، تیشك بۆ حەوز و سنگی كراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی دەوامی فەرمی و بەكارهێنانی ئامێرەكان پێدەچێت ئەو ئامێرەی بۆ تیشكی قاچی پێبگیرێت بەهۆی گەرمبونەوە وەستابێت لەگەڵ ئەوەشدا پێویست نەبوە لەوكاتەدا بۆی ئەنجام بدرێت، ئەوەی گرنگە لەماوەی سێ رۆژدا بەردەوام پزیشكی هەناوی و مێشك و دەمار و پزیشكی تایبەتمەند چاودێرییان كردوە، لە رۆژی دووەمدا سیتی سكانی بۆ كراوە بۆ زانینی گۆڕانكاری بەراورد بە رۆژی یەكەم، هەروەها سۆنەری بۆكراوە و پشكنینی بۆكراوە لەلایەن پزیشكەكەیەوە و دەرمانی بۆ وەرگیراوە، پێی وتون پێویستی بە نەشتەرگەری نییە و لە رۆژی سێیەمدا پزیشكەكەی ئاگاداری كردونەتەوە، ئەگەری خراپبوونی بارودۆخی هەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی جێگا لە چاودێریی ورد، نەكراوەتە ئەو بەشەوە".
باسی لەوەشكرد، لە رۆژی چوارەمدا بارودۆخی خراپ بوە و كۆچی دوایی كردوە، لێكۆڵینەوەش بەردەوامە و بەپێی بەدواداچونەكانیان ئەوەیان بۆ دەركەوتوە، كە 11 پزیشك ئەو نەخۆشەیان بینیوە و پێشنیارەكانیان لەسەر فایلەكەی تۆماركراوە و سێ پزیشكی تایبەتمەندیش چاویان پێیكەوتوە.
وتیشی "بەداخەوە تەنها 20 جێگای تایبەت بە چاودێری ورد هەیە و شوێنێكی زۆر هەستیارە و پێویستی بە ستافی زیاتر دەبێت، داوا لە وەزارەتی تەندروستیی عیراقیش دەكەم لیژنەیەك بنێرن بۆ نەخۆشخانەی شار  لێكۆڵینەوە بكەن ئەگەر ئەو نەخۆشخانەیە لە ریزبەندیی یەكەمی سەرجەم نەخۆشخانەكانی عیراقدا نەبو لەڕووی خزمەتگوزاری تەندروستییەوە، ئەوا ئامادەم دەستلەكاربكێشمەوە و كەسێكی دیكە دابنرێت بۆ خزمەتكردنی خەڵكی سلێمانی".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group