كاردانەوەی سیستەمی بەرگریی لەش بەرامبەر بە كۆرۆنا دەستنیشان كرا

17/03/2020 نەوا

نەوا
زانایانی ئوستراڵی توانیان چۆنێتی كاردانەوەی سیستەمی بەرگریی لەشی مرۆڤ بەرامبەر بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستنیشان بكەن و بە پێی ئەو ئەنجامە، چاكبوونەوە لە كۆرۆنا هاوشێوەی چاكبوونە و رزگاربوونە لە ئەنفلۆنزای ئاسایی.
پرۆفیسۆر كاسرین كیدزیرسكا یەكێك لە توێژەرەوانی دامەزراوەی توندروستی پیتر داكرتی لە میلبۆرنی ئوستراڵیا رایگەیاندووە، ئەمە دۆزینەوەیەكی گرنگە، بۆ یەكەم جارە كە بەراستی بزانین سیستەمی بەرگریی لەش چۆن بەرەنگاری كۆرۆنا دەبێتەوە.
زیاتر لە دە توێژەری ئوستراڵی ماوەی مانگێكە بێ وچان سەرقاڵی توێژینەوەن تا چۆنێتی كاردانەوەی سیستەمی بەرگری لەش بەرامبەر بە كۆرۆنای نوێ دەستنیشان بكەن.
ژنێكی تەمەن 47 ساڵی خەڵكی وهانی چین، كە بەهۆی توشوبون بە كۆرۆناوە لە نەخۆشخانەیەكی ئوستراڵیابوو، لەلایەن پرۆفیسۆر كاسرین و هاوكارەكانی سەرجەم پەرچەكردارەكانی سیستەمی بەرگریی لەشی خرابوونە ژێر چاودێریەوە.
بەپێی ئەنجامی چاودێریەكەیان، سێ رۆژ بەر لە چاكبوونەوە خانە و دژە تەنی تایبەت لە خوێنی نەخۆشخەكەدا زیاد دەكەن، كە هەمان ئەو خانە و دژە تەنانەن كە بەر لە چاكبوونەوە لە خوێنی نەخۆشەكانی ئەنفلۆنزادا بەدیدەكرێن.
ئەو خانانە لە سێ جۆری لیمفەخانە یان لینفەسایتی جۆری T(یارمەتیدەرە فولیكۆلیەكان، CD4ی چالاك و CD8) و ئەو خانانەن كە دژەتەنەكان دەردەدەن.
نیشانەكانی نەخۆشی لە رۆژی سیانزەهەمدا بەتەواوەتی نامێنن و دژەتەنەكان تا حەوت رۆژی دواتر واتە رۆژی بیستەم لە پلازمای خوێندا زیاد دەكەن.
زانینی ئەوەی كە سیستەمی بەرگریی لەش لە چ كاتێكدا دەست بە بەرهەمهێنانی خانەی تایبەت دەكات، یارمەتی دەستنیشانكردنی سوڕی ڤایرۆسەكە و پێشبینیەكانی رەوتی چاكبوونە دەدات و بەوتەی گرێگ هانت وەزیری تەندروستی ئوستراڵیا یارمەتیدەر دەبێت بۆ دروستكردنی ڤاكسین و دۆزینەوەی دەرمانێكی كاریگەر بۆ كۆرۆنا.
پلانی داهاتووی پرۆفیسۆر كاسرین و هاوكارەكانی دۆزینەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەیە كە بۆچی سیستەمی بەرگری لەش لە هەندێك لە تووشبوان بە سستی و لاوازی دەجوڵێتەوە.
زۆرینەی تووشبووانی كۆرۆنای 2019 چاكبوونەوە و ئەمەش بەو واتایە دێت كە سیستەمی بەرگری لەشیان بەسەركەوتوویی بەرپەرچی ڤایرۆسەكەی داوەتەوە و بەسەریدا زاڵ بووە.
لەسەرتاسەری جیهان نزیكەی 195 هەزار كەس تووشی كۆرۆنابوون و لەو ژمارەیە نزیكەی 8 هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 81 هەزار كەسیش چاكبوونەوە و سەرباری دابەزینی رێژەی مردن و تووشبوون بە كۆرۆنا لە چین، رێژەكە لە دەرەوەی ئەو وڵاتە بەتایبەتی لە ئەوروپا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.
لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە و بەتایبەتی دوای ئەوەی رێكخراوی تەندروستی جیهانی كۆرۆنای بە پەتای جیهانی ناساند، هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی ڤاكسین و چارەسەر بۆ ئەو ڤایرۆسە چڕكراونەتەوە و رۆژی دووشەممە لە ئەمریكا یەكەم تاقیكردنەوەی مرۆیی  بۆ ڤاكسینی كرۆنا ئەنجامدرا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group