یارییەكەی ڤالەنسیا و ئەتڵەنتا چ كارەساتێكی لە ئیتاڵیا و ئیسپانیا ناوەتەوە؟

24/03/2020 وەرزش

نەوا
رۆژنامەیەكی ئیتاڵی ئەوە ئاشكرادەكات، یارییەكەی نێوان ئەتڵەنتای ئیتاڵی و یانەی ڤالەنسیای ئیسپانی لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا هۆكاری بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوە لە ئیتاڵیادا، پزیشكێكیش یارییەكە بە بۆمبێكی بایۆلۆجی ناودەبات.
لەوبارەیەوە فابیانۆ دی ماركۆ پزیشك و بەڕێوەبەری بەشی نەخۆشییەكانی سی لە نەخۆشخانەی "پاپا جیۆڤانی" لە ئیتاڵیا بە رۆژنامەی "كوریێری دیللۆ سپۆرت"ی وتوە، یارییەكەی ئەتڵەنتا و ڤالەنسیا لە یاریگای سان سیرۆ لە چوارچێوەی یاری چونی قۆناغی 16ی چامپیۆنزلیگ بۆمبێكی بایۆلۆجی بوو، كە تێیدا 40 هەزار كەس لە یارییەكەدا ئامادەبون.
ئاماژەی بەوەشداوە، هاندەران بە پاس و ئۆتۆمبێل و شەمەندۆفێر و میترۆ دەسوڕانەوە بە وڵاتدا و ئەوەش بوەهۆی رودانی ئەو كارەساتەی ئێستا هەیە.
بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەكە، یارییەكە كە لە 19-2-2020 ئەنجامدرا، پێش چەند رۆژێك بوە لەوەی زانرا ئیتاڵیا روبەڕوی كارەساتێك بوەتەوە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە.
لای خۆیشیەوە رادیۆی "كادینا سێر"ی ئیتاڵی ئەوەی بڵاوكردوەتەوە، یارییەكە هۆكاربوە بۆ گیانلەدەستدانی 500 كەس بەهۆی ڤایرۆسەكەوە، هەروەها زیاتر لە یەك لەسەر سێی یاریزانانی ڤالەنسیا و ژمارەیەكی زۆر هاندەری ئەو یانەیەش توشی ڤایرۆسەكە بون.
یارییەكەی ئەتڵەنتا و ڤالەنسیا لە یاریگای یانە ئیتاڵییەكە بە 4 گۆڵ بەرانبەر گۆڵێك بۆ یانەی خاوەن یاریگا كۆتاییهات و رۆژی 10ی ئەم مانگەش یاری گەڕانەوە لە یاریگای ڤالەنسیا كرا و یانەی میوان بە ئەنجامی 4 گۆڵ بەرانبەر 3 گۆڵ جارێكی دیكە یارییەكەی بردەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group