بەغدا بڕێك پارە رەوانەی هەرێم دەكات

25/03/2020 عێراق

نەوا
ئەندامێكی كورد لە لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عیراق دەڵێ، ھەر ھاوكارییەكی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا بگاتە عێراق، پشكی ھەرێمی كوردستانی تێدایە و رۆژانی دابێ سێ ملیار دینار و بڕێكی زۆری كەلوپەلی پزیشكی رەوانەی ھەرێم دەكرێت.
دالیا فەرھاد پەرلەمانتاری پاری و ئەندامی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی عیراق بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەكەی راگەیاندوە: "ھەر ھاوكارییەكی نێودەوڵەتی لەلایەن رێكخراوی تەندروستیی جیھانییەوە بۆ عێراق بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەشی ھەرێمی كوردستانیشی تێدایە و لەو بودجەیەی حكوومەتی عێراقیش كە بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا تەرخانی كردووە، بەشی ھەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت".

وتیشی: "بڕیارە لە چوارچێوەی پلانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، حكوومەتی فیدڕاڵ سێ ملیار دینار بۆ خەرجییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا رەوانەی ھەرێمی كوردستان بكات و هاوكارییەكانیش بەردەوام دەبن".
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ھەردوو حكوومەتی عێراق و چین رێككەوتن لەسەر ئەوەی وڵاتی چین ھاوكاریی عێراق بكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا و بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا بڕێكی زۆری ھاوكاریی پزیشكی لە چینەوە رەوانەی عێراق بكرێت و لەگەڵ گەیشتنیشدا پشكی ھەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت، ئەمە جگە لەوەی دوێنێ چین ھەندێك ھاوكاریی گەیاندە ھەولێر".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group