سەندیكای رۆژنامەنوسان: دەستگیركردنی هێمن مامەند پێشێلكارییە

25/03/2020

نەوا
لە دوو رونكردنەوەدا جیاجیادا سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان دەستگیركردنی رۆژنامەنوس هێمن مامەند لە هەولێر بە پێشێلكاری ناودەبات، هاوكات رەخنەش لەو رێگریانە دەكات كە لە بەشێك لە رۆژنامەنوسان و دەزگاكانی راگەیاندن دەكرێت لە كاتی قەدەغەی هاتوچۆدا.
لە رونكردنەوەی یەكەمدا هاتووە، شەوی 24 ی ئادار هێزێكی ئەمنی لەشاری هەولێر دەچنە سەر ماڵی رۆژنامەنوس 'هێمن مامەند' و دەستگیری دەكەن.ئێمە ئاگاداری هەموو لایەك دەكەین كەوەك لیژنەی داكۆكی لە رۆژنامەنوسان ئەو شێوازە هەڵسوكەوت و مامەڵەكردنە لەگەڵ رۆژنامەنوس پێشێلكاریەو پێچەوانەی یاسای رۆژنامەگەری ژمارە 35 ی ساڵی 2007 هەرێمی كوردستانە. 
راشیگەیاندووە، بۆیە داواكارین لە هەموو لایەك پابەندی یاساكانی رۆژنامەگەری بن لە پێناو فەراهەم كردنی ئازادی رۆژنامەگەری و دیموكراسی و ژیانێكی ئارام بۆ هەرێمی كوردستان.
لە رونكردنەوەی دووەمدا هاتووە، لەبەرواری 13 ئازاری 2020 بە بەیانی ژمارە  11 ی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كە تێیدا هاتوە  رۆژنامەنوسان بریاری قەدەغەكردنی هاتوچۆی ناوەوە دەرەوەی پارێزگاو شارەكان نایانگرێتەوە،بەڵام بەردەوام رۆژنامەنوس لە پارێزگاو شارەكانی هەرێمی كوردستان سكاڵا لای لیژنەی داكۆكی لە رۆژنامەنوسان تۆمار دەكەن و رێگریان لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە لێ دەكرێت و پێشێلكاری جۆراوجۆریان بەرامبەر دەكرێت.
باسی لەوەشكردووە، ئێمە لە لیژنەی داكۆكی لە رۆژنامەنوسان لەسەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان داوكارین لەهەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕێز لە بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆ  و پاراستنی ئازادی رۆژنامەنوسی و شكۆی رۆژنامەنوسان بگرن، كەبەردەوام وەك سەربازێكی ون لە هەڵمەتی ڕووبەڕووبونەوەی پەتای كۆرۆنا زانیاریەكان بۆ وەرگران دەگوازنەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group