وەزیری تەندروستیی هەرێم: ژمارەی كەرەنتینەكراوان بەرەو كەمبوونەوە دەچێت بەتایبەت لەناوچە كەرەنتینكراوەكان

26/03/2020

نەوا
ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزیری تەندروستیی هەرێم لە پرێس كۆنفرانسێكدا لە پارێزگای هەڵەبجە، دڵنیایی دا، رێژەی توشبوون بە كۆرۆنا لە هەڵكشاندا نییە و لەئێستادا جگە لە خۆپاراستن، لە پرۆسەی كۆنترۆڵ و چارەسەردان.
د. سامان بەرزنجی  وەزیری تەندروستی هەرێم لە پرێس كۆنفرانسەكەدا وتی "سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە و كارمەندەكانیان دەكەین بۆ ئەنجامدانی ئەو رێوشوێنانەی گرتویانەتەبەر بۆ روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەسەر راسپاردنی سەرۆك وەزیرانی هەرێم، وێڕای ئەوەی دوو جار بودجەی تایبەت بۆ پارێزگای هەڵەبجە دابینكراوە، هەرچییەكی دیكەمان پێبكرێت پشتیوانیان دەكەین".
وەزیری تەندروستی راشیگەیاند "كەمبونەوەی ژمارەی توشبووان لە رۆژێك بۆ رۆژێكی دیكە دەگۆڕێت، ئەگەر كەسێك توشدەبێت، ئەوە بەتەنها نییە، بەڵكو ئەوانەی سەردانی كردون و خێزانەكەی و ئەوانەی بەركەوتنی لەگەڵی هەبوە، ئەوانەش بە گومانلێكراو دادەنێین و كەرەنتینیان دەكەین، دڵخۆشین بەوەی ژمارەكە بەرەو كەمبونەوە دەچێت، بەتایبەتی ئەو شار و شارۆچكانەی لەئێستادا لە كەرەنتینن".
سامان بەرزنجی وتیشی "لەسەرەتای دەستپێكردنی رێوشوێنەكان، ئێمە زیاتر سەرنجمان لەسەر گەشتیار بو وەك هۆكاری سەرەكیی بڵاوبونەوە و فاكتەری هێنانی ڤایرۆسەكە، بەڵام ئێستا تەنها گەشتیار نییە، بەڵكو ئەوانەشن كە گومانیان لێدەكەین، سوپاسی هاوڵاتیان دەكەین كە هاوكارمانن و لە ماڵەكانیاندان، ئێمە لەئێستادا لە ئاستی كۆنتڕۆڵكردن و چارەسەركردنداین، لەگەڵ ئەوەی خۆپاراستنیش بەردەوامە".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group