نەوا
د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی دەڵێت "كۆتایی بە بەهەدەردانی خۆراك و پێداویستیەكانی رۆژانە بهێنن"، هاوكات دڵنیایی دەدات لە بەردەوامی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
رۆژی پێنجشەممە د.هەڤاڵ ئەبوبەكر لە پەیجی خۆیەوە لە فەیسبوك نوسیویەتی "پابەندیی و خۆپارێزیتان، خۆڕاگریی و خۆبەخشیتان، نیشانەی هۆشیارییو دانشمەندییو گیانی بەرزی بەرپرسیارێتیانە، بۆیە شایانی سوپاس و ستایش و پێزانینێكی زۆرن، كە بەهۆی خۆڕاگریتانەوە بە پشتیوانی خوداو هیمەتی مەردان، دۆخە سەختەكان پێدەنێنە قۆناغەكانی كۆتایی، ئەم كارەساتەی لەرێی ئەم پەتایەوە بەسەر مرۆڤایەتیدا هاتووە، وانەی نوێ و بەبیرداهێنانەوەی ئەزمون و كلتورە جوانەكانی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، هەر لە چارەنووسی هاوبەشەوە، تا دەگاتەوە بەیەكەوە روبەڕوبونەوەو، یەكتر خۆشویستنو ئەزمون ئاڵوگۆڕكردن، هەوڵدان بۆ زاڵبون لە هەموو كەس و پنتێكدا بۆئەوەی هەڕەشەكان جارێكیتر دووبارەنەبنەوە".
وتیشی "لەهەمانكاتدا ئەم دۆخە تەندروستیەی ئێستا بەسەر جیهاندا هاتووە، دۆخێكی ئابووری نوێشی لەگەڵ خۆیدا هێناوەو لەئایندەیەكی نزیكدا دۆخێكی نوێیتر دەهێنێتەكایەوە، كە پێویست دەكات سەبەتەی خۆراكییو چارەسەرسازییو ئاسایشی ئابووریش، بەهەمان شێوەی ئاسایشی تەندروستیی رێكبخەینو یەكبخەین، بۆیە دڵسۆزانەو خزمەتكارانە، داوا لە هەموو ئێوەی ئازیز دەكەم، كە كۆتایی بە بەهەدەردانی خۆراك و پێداویستیەكانی ڕۆژانە بهێنن، ئەوەندە بەكاربهێنن كە پێویستتانە، بۆئەوەی هیچ بەش و ژەمەخۆراكێك زیاد لە پێویست نەبێتو نەكرێتە سەبەتەی خۆڵەكانەوە، هەروەها داواتان لێدەكەین زیاد لە پێویستی خۆتانو خۆراكو پێداویستیەكان مەكڕن، چونكە هەموو ئەمانە ئەگەری خراپبون و كۆنبون و بەسەرچونیان هەیەو سەرەتایەكی ترسناك دەبن بۆ برەودان بە گیانی خۆپەرستییو خوڵقاندنی قەیرانی ئابووریی".
هاوكات دڵنیایی دەدات لەوەی كە جوڵەو ئاڵوگۆڕی بازرگانیی بەردەوامە، خۆراكو سوتەمەنییو كاڵاو پێداویستیەكان بە قەبارەی زۆرو شیاو لەبەردەستدان، هەموویان لەژێر كۆنترۆڵی وردی چاودێری نرخو جۆرو قەبارەو دابەشكردنی شیاوانەدان، بە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، جیهان دوچاری دۆخێكی سەختی ئابوورییو بازرگانیی دەبێت، بەڵام هەرێمی كوردستان دەرفەتی ئەوەی دەبێت، كە وەك ناوچەیەكی ئارامیی و پاكی تەندروستیی ببێتە ناوەندێكی بازرگانیی و ئابووریی گرنگ.