تیمی پزیشكانی چینی گەیشتنە كوردستان

28/03/2020

نەوا ـ سەعید عەبدوڵڵا ـ هەولێر
چین سەرباری ئەوەی شوێنی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنابوو، بەڵام دوای ئەوەی لە كۆنتڕۆڵكردنی ڤایرۆسەكەدا سەركەوت، ئێستا بەهانای وڵاتانی ترەوە دەچێت، یەك لەوانە عێراق و هەرێمی كوردستانن.
د. هانگ لە خاچی سووری چینییەوە رایگەیاند، ئێمە هاتووین بۆ هاوكاری حكومەت و خەڵكی كوردستان، سوپاسی حكومەتی عیراق  و كوردستان دەكەین كە هەماهەنگیمان هەیە، لە مانگی سێی ئەمساڵ هاوكارییەكانی چین گەیشتنە عیراق و كوردستانیش، كۆمەڵێك شارەزاش لە بوواری لۆجستی و پزیشكی هاتووین تا بتوانین هاوكاری عیراق بكەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە.
وتیشی: هاوكارییەكانمان بریتین لە زانیاری و پزیشك و كەلوپەلی پێویست بۆ ناوەندە تەندروستییەكان، دوو ڕۆژیش پێش ئێستا توانیومانە تاقیگەیەك دروست بكەین تا كەسە توشبووەكان بە زوویی و بە ئاسانی دەستنیشان بكرێن، هەروەها كۆمەڵێك پێداویستی پزیشكیمان پێشكەش كردوون.
باسی لەوەشكرد، كە ماوەی چوار رۆژ لە كوردستان دەمێنینەوە و ئەوەی بۆمان بكرێت زانیاری بە پزیشك و حكومەتی كوردستان دەدەین تا بتوانین بەسەر ئەم دۆخەی ئێستادا زاڵ بین، بۆ ئەوەی هەم كوردستان و هەمیش عیراق بتوانین زۆرترین زانیاری ئاڵوگۆڕ بكەین و بتوانین كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكەین.

لەلایەن خۆشیەوە د. خاڵس قادر بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان سوپاسی حكومەتی چینی كرد كە پێشتر هاوكاری كوردستانی كردووە، وەك هاوكاری لۆجستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆرسی كۆرۆنا و رایگەیاند: ئەمرۆش تیمێكی تەندروستی چینی هاتوون بۆ كوردستان تا رێوشوێنەكانی چارەسەری كۆنتڕۆڵی ڤایۆرسەكە ببینن و ئەزموونی خۆشیانمان پێ بڵێن تا سوودی لێوەربگرین، كە تا ئێستا لە كوردستان دۆخەكە سنوورەدارە و ئێمەش بتوانین دۆخەكە تێپەڕێنین.
د. هو لە تیمی پزیشكانی چینی كە پسپۆری ڤایرۆسەكانە وتی: لە نەخۆشخانەی یەكەمی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە هاتووم و دەتوانم بڵێم كە لە ساڵی ٢٠٠٣وە كە ڤایرۆسی سارس سەریهەڵداوە یەكێك بووم لەوانەی روو بە رووی ڤایرۆسەكە بووینەوە و زانیاری تەواومان هەیە لەسەر چۆنییەتی خۆپاراستنیش، بەوهیوایەی بتوانین هەمووان هاوكارین تا ئەو دۆخەی هاتووەتە پێشەوە بەیەكەوە كاربكەین و رووبەڕووی ببینەوە. لەگەل ئەوەی ئێستا زانیاری تەواومان پێیە و بە بەرپرس و پزیشكانی كوردستانی دەدەین.

وتیشی: ئێمە لەوە تێدەگەین كە لە كوردستان بە شێوەیەكی باش روو بە رووی ڤایرۆسەكە بوونەتەوە و ئێستاش هاوكارییان دەكەین تا بتوانین كۆنترۆڵی دۆخەكە بكەین و ئەو ڤایرۆسە لەناو ببەین.
نیرۆ چی كونسوڵی گشتی وڵاتی چین لە هەرێمی كوردستان وتی: بەخێر هاتنی ئەو تیمە دەكەین و ئەوانەی هاتوون دەتوانن هاوكاربن و خەلك و حكومەتی چین بە گرنگییەوە دەرواننە ئەو هەنگاوە چونكە خەڵكی كوردستان و چینییەكان پەیوەندییەكی باشیان بەیەكەوە هەیە.
باسی لەوەشكرد لەكاتێكدا ئەم تیمە پزیشكیانە هاتن بۆ عیراق چین خۆی بەدەست ڤایرۆسەكەوە دەیناڵاند، بەڵام نەمانتوانی بێدەنگ بین بۆیە بەو پەڕی هێز و تواناوە كاردەكەن بۆ ئەوەی ئەو دۆخە كۆنتڕۆڵ بكرێت چونكە ئەوە جاری دووهەمە حكومەتی چین و خاچی سووری چینی دێنە كوردستان و عیراق تا خزمەتگوزاری پێشكەش بكەن ئەوانەشی هاتوون لە بەرزترین زانایانی چینن و ئەزموونیان هەیە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، ئەو تیمەش لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆرسی سارس پێگەی گرنگیان هەبووە و كاتێكیش هاتوونەتە كوردستان دەتوانن دۆخەكە بەرەو باشتر ببەن و لەبەیانییەوە دەست بەكاردەبن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group