هاوپەیمانێتیی فەتح: بەرهەم ساڵح دەیەوێت دەسەڵاتی جێبەجێكردن بە بەتاڵی بمێنێتەوە

02/04/2020 عێراق

نەوا
هومام تەمیمی ئەندامی هاوپەیمانێتیی فەتح لە پەرلەمانی عیراق، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار بەوە تۆمەتبار دەكات، كە دەیەوێت دەسەڵاتی جێبەجێكردن بە بەتاڵی بمێنێتەوە و بۆشایی دەستوری و یاسایی دروستببێت.
تەمیمی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دەڵێت "سەرۆك كۆمار باش دەزانێت كابینەكەی عەدنان زورفی پاڵێوراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو لە پەرلەمان تێناپەڕێنرێت، باش ئەوەش دەزانێت تێپەڕاندنی واتای ئەوەیە گوللەی رەحمەت دەنرێت بە پرۆسەی دیموكراسییەوە لە عیراقدا".
باسی لەوەشكردوە، سەرەڕای ئەوەی بەرهەم ساڵح بە ئەنقەست دەستوری پێشێلكرد و زورفی وەك پاڵێوراو راسپارد ئەوەش بۆئەوەی بۆشایی دەستوری بۆ ماوەیەكی زیاتر بەردەوام بێت، 45 رۆژ لە سەردەمی محەمەد تۆفیق عەللاوی پاڵێوراوی پێشوو رۆیشت و 45 رۆژی دیكەش لە سەردەمی زورفی دەڕوات و دەگەڕێینەوە چوارگۆشەی سەرەتا و حكومەتی كاربەڕێكەر بە دەسەڵاتێكی سنوردارەوە دەمێنێتەوە، ئەوەش سەرەڕای هەموو ئەو تەحەدا و مەترسیانەی عیراقی تێدایە لە رووی ئاسایش و تەندروستی و ئابورییەوە.
هەروەها ئەو پەرلەمانتارە رونیكردوەتەوە، سەرۆك كۆمار بە ئاشكرا كاری بۆ ئەوە دەكرد بارودۆخەكە بگاتە ئەوەی ئێستا هەیە، ئەو بەرپرسیارێتی تەواوی هەر شتێكی دەكەوێتەسەرشان، كە بەسەر بارودۆخی گشتیی عیراقدا دێت و بەرپرسە لە بەردەم یاسا و گەلدا.
هومام تەمیمی ئەندامی هاوپەیمانێتیی فەتح لە پەرلەمانی عیراق تەئكیددەكاتەوە هێزە نیشتمانییەكان بێدەنگ نابن لەو ئاژاوەیە و بەهێزەوە كاردەكەن بۆئەوەی خاڵ لەسەری دێڕەكان دانێن و بەرگری لە مافەكانی گەل دەكەن و لێپرسینەوە لە هەر كەسێكیش دەكەن، كە خراپەی بۆ عیراق و گەلەكەی دەوێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group