تەندروستی هەولێر لە بارەی مردنی كۆرپەلە هەشت مانگەكەی بالیسان رونكردنەوە دەدات

10/04/2020

نەوا
دوای ئەوەی داواكرا لیژنەی لێكۆڵینەوە لە مردنی منداڵێكی كۆرپەلە لە سكی دایكیدا پێكبهێندرێت وتەبێژی تەندروستی هەولێر راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، تیمی پزیشكی سەرپەرشتیار هیچ كەمتەرخەمیەكیان نەبوە.
بژار موسا وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر سەبارەت بەو دۆسیەیە رایگەیاند "لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر دەستبەجێ لیژنەیەكی تایبەتمەند پێكهات و لێكۆڵینەوەكان دەستی پێكردوە لەسەر ئەو كەیسەی شارۆچكەی بالیسان تایبەت بە گیانلەدەستدانی منداڵە تازەلەدایكبوەكە".
 ئاماژەی بەوەشكردوە "لە بەدوادچونەكاندا دەركەوتوە ئەو خانمە دوگیانە كە لە بالیسانەوە هاتوە دواكەوتبو و لەكاتی گەیشتنی بەنەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبون دەستبەجێ نەشتەرگەری منداڵبونی بۆ ئەنجامدراوە و كۆرپەكە لەدایكبوە".
بژار عەلی رونیشیكردوەتەوە "تەندروستی خانمە دوگیانەكە جێگیربوە و باشبوە، بەڵام دەركەوتوە كۆرپەكە باری تەندروستی ناتەواوبوە و لەیەكەی منداڵە ناكامەكان خەوێندراوە بۆ ئەوەی لەژێر چاودێریدابێت، بەڵام بەداخەوە پاش چەند كاتژمێرێك گیانیلەدەستداوە".
 نوسیویشیەتی "لە لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوتوە كەوا تیمی پزیشكی سەرپەرشتیار هیچ كەمتەرخەمیەكیان نەبوە لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو حاڵەتەدا".
لە كۆتایی راگەیەندراوەكەشدا هاتوە "هەر بۆ ڕونكردنەوە ئەم فۆڕمە دەدرێت بەهەر خانەوادەیەك ڕەتیبكەنەوە ئەو كەسەی گیانیلەدەستداوە ببرێتە پزیشكی دادی".
پێشتر سێ ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایانگەیاند، ھاوسەری ھاوڵاتی ئاراس رەسوڵ لە نەخۆشخانەی بالیسان بە ڕێگەپێدانی تەندروستیەوە رەوانەی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبونی فێركاری ھەولێر دەكرێت، بەڵام لە دو بازگە چەند كاتژمێرێك ڕێگریان لێدەكرێیت "بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدات" و پاشان بەڵێننامە بە باوكی پڕدەكرێتەوە نەیبات پزیشكی دادوەری.



















شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group