پلانی عیراق بۆ زیادكردنی هەناردەكردنی نەوت ئاشكرا دەكرێت

13/06/2018 عێراق

نەوا


وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، كە وڵاتەكەی بە ئامانجی زیادكردنی هەناردەكردنی نەوتی وڵاتەكەی، ئۆفەرێكی بۆ دروستكردنی دوورگەیەكی نەوت لە نزیك شاری فاو بە ئامانجی زیادكردنی هەناردەكردنی نەوت خستووەتەڕوو.
عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق وتی: "دوای كۆتایهێنان بە رێككەوتنەكەی ئۆپێك بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، دەست بە جێبەجێكردنی پلانی زیادكردنی ئاستی هەناردەكردنی نەوت دەكەین".
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، كۆمپانیای نەوتی باشور لە پارێزگای بەسرە، ئۆفەرێكی بۆ دروستكردنی دوورگەیەكی نەوت لە نزیك شاری فاو بە ئامانجی زیادكردنی هەناردەكردنی نەوت خستووەتەڕوو.
عاسم جیهاد راشیگەیاند، كە بە دروستكردنی دوورگەكە، ئاستی هەناردەكردن بۆ دوو ملیۆن بەرمیل نەوت رۆژانە زیاد دەكات.
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق ئەوەشی وت "رێككەوتنەكەی ئۆپێك لەو كاتەدا كۆتایی پێ دێت كە هەناردەكردنی نەوتی عیراق رۆژانە، پێنج بۆ شەش ملیۆن بەرمیل نەوت بێت".
لای خۆیەوە ئیحسان عەبدولجەبار بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای نەوتی بەسرە، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، لیژنەیەكی تایبەت لە كۆمپانیاكەیان، تاوتوێی جێبەجێكردنی پڕۆژەی دروستكردنی دوورگە نەوتییەكە دەكات.
ئیحسان عەبدولجەبار ئاماژەی بەوەشدا، كە ژمارەیەك لە كۆمپانیاكان ئۆفەری خۆیان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە بە سیستەمی وەبەرهێنان پێشكەش كردووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group