سەعید كاكەیی: لەرێگەی باركۆدەوە دەستكاریكردنی دەنگەكان ئاشكرا دەبێت

22/06/2018
ئەندامێكی ئەنجومەنی كۆمسیاران دەڵێت، ئەو دادوەرانەی سەرپەرشتی كارەكانی كۆمسیۆن دەكەن، بە هاوكاری كارمەندانی كۆمسیۆنی دەست بەكردنەوەی سندوقەكان و جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەست دەكەن و جەختیش دەكاتەوە، بەپشت بەستن بە باركۆدی سەر پەڕاوەكانی دەنگدان هەر جۆرە دەستكاریكردنێكی دەنگەكانی ناو سندوقەكان ئاشكرا دەبێت.
ئەنجومەنی كۆمسیارانی سەر بە كۆمسیۆن و بەڕێوبەرەكانی كۆمسیۆن لە پارێزگاكان بە بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران كارەكانیان هەڵپەسێردراوە و لە بری ئەوان ژمارەیەك دادوەر سەرپەرشتی كارەكان دەكەن.
لە بارەی جیاكردنەوەی دەنگەكان بە دەست، كە لە هەمواری سێهەمی یاسای هەڵبژاردندا هاتووە و لە لایەن دادگای فیدراڵیشەوە پەسەند كراوە، سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران، لە میانی بەرنامەی لەگەڵ رووداوەكان رایگەیاند: پڕۆسەكە بە كردنەوەی سندوقەكانی دەنگدان دەستپێدەكات و جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەست لە لایەن كارمەندانی كۆمسیۆن و كارمەندانی تری دەرەوەی كۆمسیۆن لە ژێر چاودێری ئەو دادوەرانە بە زوترین كات بەڕێوە دەچێت.
وتیشی: پێشتر زۆر جەختی لەوەكردۆتەوە، كە پلانی (B)یان هەبێت، پلانەكە بریتی بووە لەوەی كە بۆ ساخكردنەوەی تانە و سكاڵاكان، دەنگەكان بە دەنگ جیابكرێنەوە، بەڵام بە هۆی پێداگری و "ملهوڕی" بەشێكی زۆر لە ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران، ئەو پلانە كاری پێنەكراوە بۆیە كۆمسیۆن كەوتوەتە دۆخی ئێستاوە و لە ئێستاشدا جیاكردنەوەی دەنگەكان لە چوارچێوەی هەمان پلاندایە.
سەبارەت بەوەی بە چ شێوەیەك رێگری دەكرێت لەوەی لە كاتی جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان، دەنگی ساختەو و تێخزێنراو هەژمار نەكرێن، سەعید كاكەیی وتی: هەر پەڕاوێكی دەنگدان باركۆد یان سریال نامبەری تایبەت بە خۆی هەیە و زانیاریەكانی بە وردی تۆمار كراون و دەزانرێت، كە ئەو پەڕاوە لە چ كاتژمێر و خولەك و چركەیەدا دەنگی پێدراوە و چۆن بەكارهێنراوە و ئەگەر هەر لایەنێك نیەتی ساختەكاری و "دەستپیسی" هەبێت، ئاشكرا دەكرێت و ئەگەر ئەو باركۆدە سوتێنرابێت، هەر كەسێكی ئەو كارەی كردبێت، كارمەندی ئاسایی بێت یان بەرپرسی باڵای كۆمسیۆن، یان سەر بە هەر لایەنێكی سیاسی بێت، بە توندی سزادەدرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group