خانەقین.. تەقینەوەی بۆمب خوشك و برایەكی كردە قوربانی

22/06/2018
لە گوندێكی سەر بە خانەقین بۆمبێك بە ئۆتۆمبێلێكدا تەقییەوە، بەهۆیەوە ژنێك گیانی لەدەستداوە و براكەشی برینداربووە.
سەمیر محەمەد، سەرۆكی ئەنجوومەنی قەزای خانەقین ڕایگەیاندوە، رۆژی هەینی لە  گوندی محەمەد عەباسی سەر بە خانەقین بۆمبێك بە ئۆتۆمبێلێكدا تەقیوەتەوە، بەهۆیەوە ژنێك گیانی لەدەستداوە و برایەكیشی برینداربووە.
وتیشی، ئەو خوشك و برایە، بە ڕەچەڵەك عەرەبن و ویستویانە بە ئۆتۆمبێلەكەیان بڕۆنە سەر زەوییە كشتوكاڵیەكەیان و لە ڕێگەدا بۆمبەكە پێیاندا تەقیوەتەوە.
ڕونیشكردەوە، ماوەیەك پێش ئێستا هەمان خێزان دوو كوڕیان لەلایەن چەكدارانی داعشەوە رفێنراون، تا ئێستاش یەكێك لە كوڕەكانیان چارەنوسی نادیارە .
تەقینەوەی ئەو بۆمبە لەكاتێكدایە كە سێ ڕۆژ لەمەوپێش بە هەمان شێوە، لە گوندی مەردان بۆمبێك تەقییەوە و بەهۆیەوە دوو كەس گیانیان لەدەستدا.
جێی باسە لە دژی تێكچوونی دۆخی ئەمنی شارەكەیان، رۆژی پێنج شەممە لەسەر بانگەوازی چالاكوانانی خانەقین، بەشێكی زۆری دوكان و بازاڕەكانی ئەو شارە داخران.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group