پێنتاگۆن شوێنی حەوانە بۆ 20 هەزار منداڵی كۆچبەر ئامادە دەكات

22/06/2018 جیهان
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا(پێنتاگۆن) رایگەیاند، كە شوێنی حەوانەوە بۆ 20 هەزار منداڵی كۆچبەر دابین دەكات كە لەكاتی چوونیان بۆ ئەمریكا بەرێگەی نایاسایی، دەستبەسەر دەكرێن.
جامی داڤیس، وتەبێژی پێنتاگۆن، رایگەیاند كە وەزارەتەكەی رەزامەندی داوە لەسەر داواكاری وەزارەتی تەندروستی و خزمەتە مرۆییەكانی وڵاتەكەی بۆ دابینكردنی شوێنی حەوانەوە بۆ منداڵانی ئەو كۆچبەرانە لەكاتی چوونیان بۆ ئەمریكا بەرێگەی نایاسایی، دەستبەسەر دەكرێن.
لای خۆیەوە مایكڵ ئەندرۆز كە یەكێكی دیكەیە لە وتەبێژانی پێنتاگۆن بە رۆژنامەی نێویۆرك تایمزی ئەمریكی راگەیاندووە كە وەزارەتەكەیان لە بنكە سەربازییەكانی لە هەردوو ویلایەتی تێكساس و ئەركانساس شوێنی حەوانە بۆ 20 هەزار منداڵ دابین دەكات.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ئاماژەی بەوەكردووە كە كارمەندانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی و خزمەتە مرۆییەكان چاودێری منداڵەكان دەكەن لە رووی ژەمەخواردن و جل وبەرگ و خزمەتگوزاری تەندروستی و گەیاندن و پێداوسیتییەكانی دیكەی رۆژانەدا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group