پایتەختی رۆشنبیری دەبێتە ساباتی شێوەكارانی عیراق

05/07/2018 هەمەڕەنگ

نەوا


پێشانگای ساڵانەی شێوەكارانی ناوەڕاست و باشوری عیراق رۆژی 4ی تەمموز لە شاری سلێمانی بەبەشداری چەندین هونەرمەندی شێوەكاری ناوچەكانی عیراق و سلێمانی دەستی بە چالاكییەكانی كرد و ماوەی دوو رۆژی خایاند، كە زیاتر لە 100 تابلۆی شێوەكاری نمایش كرا.
بابەكر دڕەیی بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی بە رادیۆی نەوای راگەیاند، ئەوە سێیەمین پێشانگای ساڵانەی شێوەكارانی عیراقە، كە لە شاری سلێمانی دەكرێتەوە. لەو پێشانگایەدا زیاتر لە 100 تابلۆی شێوەكاری نایاب و جوان نمایشكران، وەك پەیامێك بۆ تەبایی و پێكەوەژیانی گەلانی عیراق دور لە ململانێ سیاسییەكان.
بابەكر دڕەیی دوپاتیكردەوە، ئەم چالاكییە هونەرییانەی نێوان شێوەكارانی عیراق و هەرێم هەنگاوێكە بۆ قوڵكردنەوەی برایەتی گەلانی عیراق و هاوكات دەرفەتێكیشە بۆ رەواندنەوەی رق و كینە لەناو پانتایی هونەردا، كە سیاسییەكان كاری لەسەردەكەن.

جێی باسە دامەزراوەی "هەواجس" بۆ رۆشنبیری و كاری هونەری بە هاوبەشی تۆڕی باڵیۆزانی خانەی ئاشتی پێشانگاكەی كردبۆوە و لەوبارەیەشەوە هونەرمەندی شێوەكار محەمەد سەعید بە رادیۆ نەوای راگەیاند، دور لە خەمەكانی سیاسەت و بەمەبەستی كۆكردنەوەی سەرجەم دەنگ و رەنگەكان لە چوارچێوەی كاری هونەری و رۆشنبیری و لە ژێر ناونیشانی "سلێمانی شاری رۆشنبیری و ئاشتی" سێیەم دیداری رۆشنبیری كردەوە.
 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group