پیاوە ئاینییە جێ پرسیارەكەی توركیا دەستگیركرا

11/07/2018 هەمەڕەنگ

نەوا

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ بڵاویكردەوە، لەئۆپەراسیۆنی تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی هۆبەی بەرەنگاربونەوەی تاوانە داراییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئیستانبوڵ، عەدنان ئۆكتار و 235 كەس لە رێكخراوەكەی دەستگیركران و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا دەستیپێكردوە.
بەپێی زانیاریەكانی ئاژانسەكە، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ عەدنان ئۆكتار و گروپەكەی بریتین لە (دامەزراندنی رێكخراو لەپێناو ئەنجامدانی تاواندا، دەستدرێژیی سێكسی بۆسەر منداڵان، پەلاماردانی سێكسی، پەیوەندیی سێكسی لەگەڵ نەوجەواناندا، رفاندن یان دەستبەسەركردنی منداڵان، گێچەڵی سێكسی، زەوتكردنی ئازادی تاكەكان)، هەروەها دەستگیركردنی ئەندامانی ئەو رێكخراوە درێژەی هەیە.


چەندین تۆمەتی دیكەش دراونەتە پاڵ ئۆكتار و ئەندامانی رێكخراوەكەی وەك "سیخوڕی سیاسی و سەربازی، فێڵكردن لەڕێگەی بەكارهێنانی بیروباوەڕی ئایینی، سپیكردنەوەی پارەی تاوانەكان، پێشێلكردنی نهێنی ژیانی تایبەت، ساختەكاریی لە دۆكیومێنتی فەرمیدا، پێشێلكردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، هەڕەشە، زۆرلێكردن، تۆمەت هەڵبەستن، ساردكردنەوەی خەڵك لە خزمەتی سەربازی، سوكایەتیكردن، هەڵبەستنی تاوان، شایەتی درۆ، هەڵخەڵەتاندنی بە پلان، پێشێلكردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی قاچاخچێتی، پێشێلكردنی یاسای باج، بەرتیل، رێگریكردن لە مافی پەروەردە و فێركردن، ئازاردان، تۆماركردنی زانیاری تاكە كەسی، رێگریكردن لە بەكارهێنانی مافە سیاسییەكان، پێشێلكردنی یاسای پارێزگارییكردن لە خێزان و رێگریكردن لە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان".
عەدنان ئۆكتار، كە بە هارون یەحیا ناسراوە و تەمەنی 62 ساڵە، پێشتر كەسایەتیەكی ئایینی بووە، بەڵام لەماوەی دواییدا بەشێوەیەكی سەیرو لەڕێگەی كچانی نیمچە رووت و سەماوە بانگەشەی ئایینی دەكرد،  هەروەها خاوەنی چەندین كتێب و لێكۆڵینەوەی زانستییە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group