یەكگرتوو: جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان، دوا ئەڵقەی فیلمی ساختەكارییە

11/07/2018

نەوا

بەرپرسێكی یەكگرتوو بە دوری نازانێت لە هەولێر و دهۆكیش بایكۆتی پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەست بكەن، چونكە پێی وایە ئەو پرۆسەیە درێژكراوە "ساختەكاریە" و هیچ گۆڕانكاریەك بەسەر ئەنجامەكاندا ناهێنێت.
ئەو دادوەرانەی بۆ راپەڕاندنی كارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دانراون، بەمەبەستی جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان گەیشتوونەتە هەولێر و بڕیارە رۆژی پێنج شەممە پرۆسەكە لەو پارێزگایە بەڕێوەبچێت، ئەمەش لە كاتێكدایە لایەنە ناڕازیەكان لە سلێمانی بایكۆتی پڕۆسەی چاودێریكردنی جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكانیان كردبوو.
قاسم گەڵاڵی بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتووی ئیسلامی لە میانی بەرنامەی "لەگەڵ رووداوەكان"ی رادیۆ نەوا رایگەیاند: بەهۆی ئەوەی لە سلێمانی بوون و نەبوونی نوێنەرەكانیان لە پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان وەك یەك وابووە، بۆیە بایكۆتیان كردووە و لە هەولێر و دهۆكیش ئەگەری زۆرە بایكۆت بكەن.
وتیشی: "گەیشتوەتە ئەو بڕوایەی كە جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان، دوا ئەڵقەی فیلمی ساختەكاری بێت، چونكە بە پێچەوانەی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران، كە باس لە جیاكردنەوەی 100% ی دەنگەكان كرابوو، تەنها 10% ی دەنگەكان هەژماردەكرێنەوە و ئەم هەنگاوە تەنها بۆ پەردەپۆشی ساختەكاریەكەیە".
ئەو بەرپرسەی یەكگرتوو، پێشیوایە بەو ژمارە كەمەی سندوقەكانەوە كە هەژماركردنەوەیان بۆدەكرێت، گۆڕانكاریەكی ئەوتۆ بەسەر ئەنجامەكاندا نایات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group