گوندە سنورییەكانی ناحیەی سیدەكان مەترسی چۆڵكردنیان لەسەرە

11/07/2018

نەوا – سالم سەلیم 

بەهۆی بۆردومانی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیاوە، گوندەكانی سنوری ناحیەی سیدەكان لە دۆخێكی زۆر خراپدان بەڕێوەبەری ناحیەكەش دەڵێت "ئەگەر بۆردومانەكان بەردەوامبن، ئەوا نزیكەی 12 گوندی سنورەكە چۆڵ دەكرێن".
ئیحسان چەلەبی بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان بۆ رادیۆی نەوا جەختی كردەوە "گوندنشینان و كۆچەرییەكانی سنوری ناحیەی سیدەكان، لە رەوشێكی خراپدان و بەهۆی تۆپباران و بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا، دانیشتوانی نزیكەی 12 گوندی دیكە، لە دڵەڕاوكێدان و لەترسی تۆپباران ناوێرن كارو كەسابەتی رۆژانەی خۆیان ئەنجام بدەن".
 ئیحسان چەلەبی لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا بۆ رادیۆی نەوا وتی "ئەمساڵ بەهۆی بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیا، بەراورد بە ساڵانی پێشوو، كەمترین خێزانی كۆچەر بۆ دابینكردنی لەوەڕگە بۆ مەڕو ماڵاتیان، رەشماڵیان لەو سنورە هەڵداوەو ئەگەر تۆپباران و بۆردومانەكانی توركیا درێژە بكێشێت ئەوا دەیان گوندی ناوچەكە چۆڵ دەكرێن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group