راهێنەری كرواتیا 20 ساڵ لەمەوبەر چی كردوە؟

12/07/2018 وەرزش

نەوا


زلاتكۆ دالیچ راهێنەری هەڵبژاردەی كرواتیا رەتیدەكاتەوە، هەوڵی تۆڵەكردنەوە لە هەڵبژاردەی فەرەنسا بدەن، بەهۆی ئەوەی پێش 20 ساڵ ئەو هەڵبژاردەیە لەیاری پێش كۆتایی مۆندیالدا لە كرواتیای بردەوە.
دالیچ لە پرێس كۆنفرانسێكدا وتی "پێش 20 ساڵم بیر دێت لە سێ یاری هەڵبژاردەی كرواتیا لە مۆندیالی فەرەنسادا وەك هاندەر ئامادەبووم، هەموو كەس بیریەتی چۆن فەرەنسا لەیاری پێش كۆتایی لەڕێگەی دوو  گۆڵی لیلیان تورامەوە لە كرواتیای بردەوە، ئەوەش بابەتی گفتوگۆی 20 ساڵی رابردوە لە كرواتیا".
وتیشی "فەرەنسا و كرواتیا نرخی خۆیان پیشاندا، ئێمە هەوڵ بۆ تۆڵەكردنەوە نادەین، ئەوە تۆپی پێ-یەو ئەوەی لەسەرمانە بەباشترین شێوە ئامادەكاری بكەین و تەركیز لەدەست نەدەین".
سەبارەت بە یارییەكەیان بەرانبەر هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، كە شەوی رابردو بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرانبەر گۆڵێك لەیاری پێش كۆتایی سەركەوتنیان بەدەستهێنا، راهێنەرەكەی كرواتیا كۆتایی بە قسەكانی هێنا بەوەی "كاتێك یاریزانەكانم ئامادەكرد كەس ئامادە نەبوو خۆی بدات بەدەستەوە، كەس نەیوت ئامادە نیم بۆ كاتی زیادكراو، ئەوەش كەسایەتی گەورەی یاریزانەكان پیشان دەدات و شانازیان پێوە دەكەم".
بڕیارە شەوی یەكشەممەی داهاتو 15-7-2018 لە یاری كۆتایی مۆندیالدا هەڵبژاردەی فەرەنسا روبەڕوی كرواتیا ببێتەوە و پاڵەوانی جامی جیهانی دەربكەوێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group