ئوردن گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ نەجەف راگرت

15/07/2018 عێراق

نەوا

بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە و بارودۆخی ئەمنی فڕۆكەخانەی پارێزگاكە، ئوردن بۆ ماوەیەكی نادیار گەشتە ئاسمانییەكانی بۆ فڕۆكەخانەی نەجەف راگرت.
كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی پادشایەتی ئوردن لەبەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد، بڕیاریان داوە سەرجەم گەشتە ئاسمانیەكانی بۆ شاری نەجەف لە عیراق رابگرێت و بڕیارەكەش لە رۆژی یەكشەممە 15-7-2018ەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و تا كاتێكی نادیار بەردەوام دەبێت.
كۆمپانیاكە جەختیكردۆتەوە، بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان، بەهۆی بارودۆخی ئەمنی فڕۆكەخانەی نەجەفەوەیە.


ماوەی هەفتەیەكە خۆپیشاندان لە دژی بێ كاری و نەبونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی وەك ئاو و كارەبا، شار و شارۆچكە جیاوازەكانی باشور و ناوەڕاستی عیراقی گرتۆتەوە و لە نەجەفیش خۆپیشاندەران هێرشیانكردەسەر فڕۆكەخانەكە و پاش روبەڕوبونەوەی هێزە ئەمنییەكان، خۆپیشاندەران كشانەوە.


لەلایەكی دیكەوە وەزیری ناوخۆی عیراق بڕیاری دا بە لابردنی عەمید ماجد حاكم كازم بەرپرسی پۆلیسی پارێزگای نەجەف و لیوا عەلا غەریبی لە شوێنی داناوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group