موسەننا.. سێ خۆپیشاندەر كوژران و زیاتر لە 50ی دیكەش برینداربون

15/07/2018 عێراق

نەوا


بەهۆی توندبونەوەی خۆپیشاندانەكان و دروستبونی روبەڕوبونەوەی نێوان هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەكان لە پارێزگای موسەننا، سێ كەس كوژراون و زیاتر لە 50 كەسی دیكەش برینداربون.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە پەیامنێری رادیۆ نەوای راگەیاندوە، لەخۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی پارێزگای موسەننادا، خۆپیشاندەران بارەگای حزبەكانی "دەعوە و فەزیڵەو حیكمە"یان سوتاندوە، هەروەها ئاگریان بەرداوەتە ئۆتۆمبێلەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكە.
ئەوەشی رونكردۆتەوە، كە بەهۆی ئەوەی خۆپیشاندەران هەوڵیانداوە بچنە ناو بارەگای ئەنجومەنی پارێزگای موسەنناوە، توندوتیژی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەكاندا دروستبوە و لەئەنجامدا سێ خۆپیشاندەر كوژراون و زیاتر لە 50ی دیكەش برینداربون.
سەرچاوەكە بە رادیۆ نەواشی وت "هێزە ئەمنییەكان چونەتە نەخۆشخانەكان و بریندارەكانیان بە دەستبەسەركراو لە قەڵەمداوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group