بەرپرسێكی حەشدی شەعبی داواكارییەكی پەرلەمانی ئەوروپا بەستەم ناودەبات

15/07/2018 عێراق

نەوا – سالم سەلیم 

بەرپرسێكی حەشدی شەعبی داواكارییەكی پەرلەمانی ئەوروپا لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی، بە ستەم و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی عیراق وەسفدەكات و دەشڵێت: "پێویستە لێپێچنەوە لەگەڵ ئەو پەرلەمانەدا بكرێت".
عەباس مەنهەل سەركردە لە هێزەكانی حەشدی شەعبی بۆ رادیۆی نەوا دوپاتیكردەوە، "داواكاری هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە لایەن پەرلەمانی ئەوروپا، دەستوەردانە لە كاروباری ناوخۆی عیراق و ستەمە لە دامەزراوەیەك، كە پارێزگاری لە عیراق و جیهان كردووە لە دژی چەتەكانی داعش.
بەرپرسەكەی حەشدی شەعبی سەبارەت بەوەی كە حەشدی شەعبی چەندینجار تۆمەتباركراوە بە پێشێلكاری بەرامبەر بە دیلەكان و هەروەها هاووڵاتیان، بۆ رادیۆی نەوا وتی "هیچ سوپایەك لە كەسانی خراپ و نابەرپرس بەدەر نییەو پێدەچێت ئەندامێك لێرەو لەوێ‌ پێشێلكاری كردبێت، بەڵام دامەزراوەی حەشدی شەعبی چاكسازی بەرپاكردووە لە جیاتی خراپەكاری لەسەر زەویدا".
عەباس مەنهەل  لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بۆ رادیۆی نەوا جەختیشی كردەوە، "هەرچەندە تائێستا هێزەكانی حەشدی شەعبی وەك پێویست رێكنەخراون، بەڵام ئێستا كاتی ئەوە هاتووە، ریفۆرمی تیادا بكرێت و كەسی شیاو لە شوێنی شیاو لەناو ریزەكانی ئەو دامەزراوەیەدا دابنرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group