بۆ یەكەمجار بنكەی دەنگدان لە ناحیەی بەمۆ دەكرێتەوە

16/07/2018

 

نەوا – هاشم عەلی - هەڵەبجە

بۆ یەكەمجار لە سنوری ناحیەی بەمۆ بنكەی دەنگدان كرایەوە، بۆ ئەوەی چیتر هاوڵاتیانی ناوچەكە روو لە شوێنەكانی تر نەكەن بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكاندا.
لەوبارەیەوە عادل مەلا ساڵح بەڕێوەبەری ناحیەی بەمۆی سەربە پاێزگای هەڵەبجە بە رادیۆ نەوای راگەیاند، لەدوای داواكارییان بۆ كردنەوەی بنكەی دەنگدان لە ناحیەكەیاندا، لقی پارێزگای هەڵەبجەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم بڕیاری دا بەكردنەوەی بنكەیەكی دەنگدان لە ناحیەكەدا.
وتیشی "بۆئەوەی چیتر هاووڵاتیانی ناحیەكەمان روو لەشوێنەكانی تر نەكەن بۆ دەنگدان، لەدەنگدانی 30ی مانگی 9ی ئەمساڵدا لە ناحیەی بەمۆدا دەنگ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەدرێت".
بەڕێوەبەری ناحیەی بەمۆ رونیشیكردەوە، ئۆفیسی هەڵەبجەی كۆمسیۆن سەرجەم ئامێرو كەرەستەكانی بردۆتە ناحیەكە و ئامادەكاریشی كردوە و لەچەند رۆژی داهاتودا بنكەكە بەفەرمی دەكرێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group