رۆناڵدۆ نهێنییەكی چونی بۆ یۆڤانتۆس ئاشكرا دەكات

16/07/2018 وەرزش

نەوا


كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە شاری تۆرینۆی ئیتاڵیاوە بە درێسی یانەی یۆڤانتۆسەوە دەركەوت و لەبەردەم زیاتر لە 300 كەناڵی راگەیاندندا بەهاندەران و رۆژنامەنوسان ناسێنرا.
ئێوارەی دووشەممە یانەی یۆڤانتۆس بە فەرمی رۆناڵدۆی ناساند و پرێس كۆنفرانسێكیشی بۆ رێكخست.


لەو پرێس كۆنفرانسەدا، رۆناڵدۆی پورتوگالی ئەستێرەی پێشوی یانەی ریاڵ مەدرید وتی "یۆڤانتۆس یەكێكە لە باشترین یانەكان لە جیهاندا، دەمێكە بڕیاری هاتنم داوە، بڕیارەكەش بەراورد بە قەبارەی یانەكە ئاسان بو، هەروەك هەنگاوێكی بەنرخە لە كاروانی پیشەگەربونمدا".
رۆناڵدۆ وتیشی "لێرە راهێنەرێكی مەزن هەیە، سەرۆكێكیش كەك دەیەوێت بەردەوام تیمەكەی براوە بێت، بۆیە ئاسان بو بڕیار بدەم بێمە ئێرە".


ئەستێرەكەی پورتوگال باسی لەوەكرد، كە خودی خۆی بیر لە ئێستا دەكاتەوە و جارێ منداڵیشە، وەك هەمیشەش حەزی لە روبەڕوبونەوەی سەختییەكانە، لە سپۆرتینگەوە بۆ مانچستەر یونایتد و ئێستاش بۆ یوڤی، ئەوەش روبەڕوبونەوەی زەحمەتییەكانە، بەڵام تەواو ئامادەیە. سوپاسی یۆڤانتۆسیشی كرد بۆ ئەو هەلەی پێیبەخشیوە، لەكاتێكدا یاریزانانی دیكەی هاوتەمەنی ئەو روو لە وڵاتانی تر و خولەكانی تۆپی پێ دەكەن.
لەبارەی 9 ساڵی یاریكردنیشی بۆ ریاڵ مەدرید، كریستیانۆ وتی "مێژووم لە ریاڵ مەدریددا نایاب بوو، سوپاسی هاندەران دەكەم، بەڵام ئێستا دەمەوێت خۆم بۆ ئەم قۆناغە نوێیەی ژیانم تەرخان بكەم، ناتوانم چاوەڕێ بكەم تا یاری دەكەم، زۆر تامەزرۆم بۆ یاریكردن، دەمەوێت بۆ ئیتاڵییەكانی دەربخەم، كە لە ئاستێكی زۆر باڵادان".


هەروەك وتیشی "چیرۆكێكی نایاب و زۆر گەورەم لە ریاڵ مەدریددا دروستكرد، سوپاسی یانەكە دەكەم، چونكە لە هەموو شتێكدا یارمەتیدەرم بوو".
هەر لە بارەی ریاڵ مەدریدەوە رۆناڵدۆ وتی "پێموانییە هاندەری ریاڵ مەدرید هەبێت بگری لەبەر رۆیشتنم، چونكە دەزانن ئەوە قۆناغێكی نوێیە لە ژیانمدا".
بڕیارە لە رۆژی 30 ئەم مانگەوە رۆناڵدۆ لەژێر سەرپەرشتی ماسیمیلیانۆ ئەلیگری راهێنەری یۆڤانتۆس یەكەم مەشق و راهێنانی دەستپێبكات و وەك خۆیشی وتی "دەمەوێت لە یەكەم رۆژی وەرزی نوێی تۆپی پێی ئیتاڵیاوە یاری بكەم".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group