ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان: هیچ هێزێكی عیراقی له‌ كه‌ركوك و خورماتو نه‌كشاوه‌ته‌وه‌

17/07/2018 عێراق

نه‌وا
وته‌بێژی هێزی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عیراق ده‌ڵێت "هیچ هێزێكمان له‌ كه‌ركوك و خورماتو نه‌كشاندۆته‌وه‌ بۆ باشوری عیراق، چونكه‌ هه‌ر خۆی هێزی پێویست له‌ناوچه‌كانی باشوردا هه‌ن".
له‌باره‌ی به‌جێهێشتنی پارێزگای كه‌ركوك و قه‌زای خورماتو له‌لایه‌ن هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌وه‌، عه‌مید یه‌حیا زوبێدی وته‌بێژی هێزی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عیراق به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای وتوه‌ "هیچ بڕیارێكی له‌و شێوه‌یه‌ له‌ئارادا نییه‌ و راست نییه‌، چونكه‌ یه‌كه‌ سه‌ربازیه‌كانمان ئێستا له‌ كه‌ركوك و شوێنه‌كانی تردا هه‌ن و هیچ بڕیارێكیش نییه‌ بۆ كشانه‌وه‌یان. ئێستاش له‌ ناوچه‌كانی باشور یه‌كه‌ی ته‌واوی سه‌ربازیمان هه‌یه‌ بۆ پاراستنی ئاسایش و پێویست به‌ كشانه‌وه‌ی هێز ناكات له‌شوێنه‌كانی تره‌وه‌".
له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوری عیراقیشه‌وه‌ رایگه‌یاندوه‌، ‌ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ داوای ره‌وای هاووڵاتیانه‌، به‌ڵام وه‌ك یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كان و یه‌كه‌ هاوبه‌شه‌كان ئه‌ركیان پاراستنی هاووڵاتیانه‌، له‌هه‌مانكاتدا ئه‌ركیان پاراستنی پڕۆژه‌ ئابورییه‌كان و داموده‌زگا حكومیه‌كانه‌، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێك هه‌وڵ هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی ئاڕاسته‌ی خۆپیشاندانه‌كان به‌ره‌و گێره‌شێوێنی ببات، به‌ڵام رێگه‌ ناده‌ن به‌هیچ كارێكی گێره‌شێوێنی دژی هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی ده‌وڵه‌ت یا مه‌ده‌نی و ئابوری، هه‌ركه‌س بیه‌وێت ئه‌و كارانه‌ بكات بێگومان وه‌ڵامی توند وه‌رده‌گرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group