جێگری پارێزگار: هەر هاووڵاتییەكی هەڵەبجەیی پێنج هێندەی ئەڵمانییەك ئاو بەكاردەهێنێت

18/07/2018

نەوا – هاشم عەلی - هەڵەبجە

لە پارێزگای هەڵەبجە كاركردن بە پێوەری میكانیكی ئاو دەستپێدەكات و كاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجەش لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند: بەهەدەردانێكی زۆری ئاو هەیە، بۆیە ئەگەر پێوەرەكان ببەسترێن، ئەوا كێشەی كەمئاوی چارەسەر دەبێت.
لە پرێس كۆنفرانسێكی هاوبەشدا، كاوە عەلی جێگری پارێزگاری هەڵەبجە وتی "دەبێت هەموو ماڵێك پێوەری ئاو ببەستێت و كار بەو پێوەرە بكرێت بۆ كۆكردنەوەی پارەی ئاوی ماڵان، ئەو سیستمەش دادپەروەرانەیە كە چەند ئاو بەكاربهێنیت، ئەوەندە پارەش دەدەیت".
وتیشی "بەهەردانێكی زۆری ئاو هەیە، ئەگەر پێوەرەكان ببەسترێن ئەوا كێشەی كەمی ئاو چارەسەر دەبێت".
هەروەك داوا دەكات هاووڵاتیان هاوكار بن بۆ دانانی پێوەری ئاو و دەشڵێت "هەر هاووڵاتییەكی هەڵەبجە لەیەك مانگدا 580 لیتر ئاو بەكاردەهێنێت، كە پێنج هێندەی تاكێكی ئەڵمانی-یە".
لای خۆیشیەوە ئەلەند تۆفیق بەڕێوەبەری ئاوی هەڵەبجە وتی "دەبێت هەموو ئەو ماڵ و شوێنانەی پێوەری ئاویان نەبەستوە، لەماوەی مانگێكدا جێبەجێی بكەن. ئەگەر لەوكاتەشی دیاری كراوە پێوەر نەبەستن، مانگی 100 هەزار دینار غەرامەی لێ وەردەگیرێت و دواتریش ئەو سزا مادیە زیاد دەكات لەكاتی دانەنانی پێوەرەكەدا".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group