كۆمەڵ: بەهۆی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەوە چوار ساڵی داهاتوو لە رووی سیاسیەوە نائارام دەبێت

10/08/2018
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت، ئەو ئەنجامانەی كە لە لایەن كۆمسیۆنەوە بۆ جیاكردنەوەی دەستی بەشێك لە دەنگەكان راگەیەنراون، سەلماندویەتی كە ئامانج لە پرۆسەكە دەرخستنی ساختەكاری نەبووە، هاوكات هۆشداریش دەدات لەوەی چوار ساڵی داهاتووی هەرێم، بەهۆی ئەو ئەنجامانەوە لە رووی سیاسیەوە نائارام دەبێت.
هاوژین عومەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلامی لە لێدوانێكدا بۆ نەوا، سەبارەت بە هەڵوێستیان بەرامبەر بەو ئەنجامانەی لە لایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ جیاكردنەوەی دەستی بەشێك لە دەنگەكان راگەیەنراون وتی: بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی سیاسی لەو بارەوە چاوەڕێی دیدار و گفتوگۆ لە گەڵ ئەو لایەنانەی تر كە ناڕازین بەرامبەر بە ئەنجامەكە. وتیشی، هەر لە سەرەتاوە دەیانزانی ئەنجامی جیاكردنەوەی دەستی بەشێك لە دەنگەكان بەم جۆرە دەبێت، چوونكە بۆیان دەركەوتبوو، كە "ئاراستەكە لە ئاشكراكردنی ساختەكاریەوە گۆڕا بۆ بەڕێكردنی ئەنجامەكان بەو جۆرەی هەندێك هێزی ساختەكار بە پاڵپشتی لایەنی ئیقلیمی و دەرەكی دەیانویست".
جەختیشی كردەوە، هەر لەبەر ئەو هۆكارانە سەرتاسەری پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستی بەشێك لە دەنگەكانیان بایكۆت كردووە و تانەی یاساییان لەسەر هەموو جومگەكان داوە چ لە بەلارێداربردنی یاساكە و چ لەو رێكارانەی گیرابوونەبەر لە لایەن كۆمسیۆن و ئەو دادوەرانەی بۆ سەرپەرشتی كردنی دانرابوون، ئێستاش كە ئەو ئەنجامانە راگەیەنراون، قسەكانی ئێمە پشتڕاست دەكاتەوە.
"ناكرێت سەدان بەڵگەی بنەبڕ و یاساییمان هەیە و لەو لاوە ئەنجامێكی ساختە ببینین، ئەمە  كۆی پرۆسەكە دەخاتە ژێر پرسیارەوە"، هاوژین عومەر وای وت.
ئەو بەرپرسەی كۆمەڵی ئیسلامی سەبارەت بە دەرهاویشتە و كاریگەری ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پرۆسەی سیاسی وتی: "كێشەكە بەوەوە ناوەستێ كە ئێمە وەك كۆمەڵ و ئەو هێزانەی تر كە ناڕازین و دەنگمان لێ دزراوە، لەو بڕوایەدام كە ئەمە لێكەوتەی نەرێنی سیاسی دەبێت لەسەر ئاستی عێراق و بەتایبەتی هەرێم و دەتوانین بڵێین، چوار ساڵی داهاتوو چوار ساڵی نائارامی سیاسی و نا تەوافوقی سیاسی دەبێت، هاوشێوەی چوار ساڵی رابردوو، رەنگە توندتریش،  ئەمەش كێشە بۆ واقعی كوردی لە بەغدا دروست دەكات، چوونكە دوو هێز بوونیان هەیە كە هیچ رێزێك بۆ هاوبەشی سیاسی كوردی دانانێن و مامەڵەیەكی نایاسایی و نا ئەخلاقی لەگەڵ هێزەكانی تر دەكەن".
هاوژین عومەر راشیگەیاند، كە چاوەڕێدەكەن هێزە سیاسیە ناڕازیەكان كاردانەوەیەكی هاوبەش بگرنەبەر و خەڵكیش ئەوە بزانێت كە ئەو ئەنجامانە رەنگڕێژی سیاسەتێكی ناسەقامگیردەكات بۆ چوار ساڵی داهاتوو، لانی كەم لە هەرێمی كوردستان.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، لە درێژەی قسەكانیدا هێمای بۆ ئەوە كرد، كە"یەكێتی و پارتی بە تەنها دەنگی لایەنەكانیان نەدزیوە، بەڵكوو دەستی چەند لایەنی ئیقلیمی و دەرەكی تێدایە، كە دەیانەوێت كۆمەڵێك هێزی گەندەڵ و بەكرێگیراو لەسەر كار بمێنن، بۆ جێبەجێ كردنی ئەو ئەجیندا نێودەوڵەتی ئیقلیمیانەی كە هەن، چ ئەجیندای ئێرانی بێت، چ ئەجیندای ئەمریكی و چ ئەجیندای توركی، لەبەر ئەوەی هێزە نیشتمانیەكان كار لەسەر ئەجیندای دەرەكی ناكەن و بەشی زۆری لایەنە ناڕازیەكانیش لەو هێزە نیشتمانیانەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group