رووسیا ئەمریكای بە هەڵگیرسێنەری "جەنگی ئابووری" تۆمەتبار كرد

10/08/2018 جیهان
سەرۆكوەزیرانی رووسیا، لەبارەی سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر وڵاتەكەی رایگەیاند: "ئەگەر كۆسپ لەبەردەم چالاكییەكانی بانكی و جموجۆڵی ئاڵوگۆڕی دراو دابنێن، ئەوا وەك جەنگێكی ئابووری هەڵیدەسەنگێنین".
دیمیتری مێدڤێدیڤ سەرۆكوەزیرانی رووسیا، لە ناوچەی نیمچەدوورگەی كامچاتكا بە میدیاكارانی راگەیاند كە بە پێچەوانەی ئەو پاساوە سیاسییانەی باسیان دەكات ئەمریكا دەیەوێت سزاسەپاندن بۆ سنوورداركردنی گەشەی ئابووری رووسیا بەكاربهێنێت. 
سەرۆكوەزیرانی رووسیا ئاماژەی بەوە دا كە وڵاتەكەی دەیان ساڵ بەرامبەر گوشارەكانی سزا بەسەردا سەپاندن وەستاوەتەوە و وتی: "بۆ ئەوەی رێ لەوە بگرێت لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیدا رووسیا ببێتە ركابەرێكی بەهێز ئەم كارە ئەنجام دەدرێت.". 
دیمیتری مێدڤێدیڤ رەخنەی لەو سزا نوێیانەش گرت كە بڕیارە ئەمریكا لە داهاتوودا بەسەر وڵاتەكەیدا بیسەپێنێت و وتی: "ئەگەر كۆسپ لەبەردەم چالاكییەكانی بانكی و جموجۆڵی ئاڵوگۆڕی دراو دابنێن، ئەوا وەك جەنگێكی ئابووری هەڵیدەسەنگێنین. دەبێت بەرپەرچی هەموو هەنگاوە ئابووری و سیاسییەكانی ئەمریكا بەو هەنگاوەیشەوە بدرێتەوە". 
پڕۆژەیاسای سزادان كە هەفتەی رابردوو‌ لە لایەن ژمارەیەك لە سیناتۆرانی ئەمریكی پێشكەش كرا پلان بۆ بەرفراوانكردنی سزاكانی سەر رووسیا دادەنێت بە پاساوی چالاكییەكانی ئەو وڵاتە لە سووریا و ئۆكراینا و دەستوەردانە ناو هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە ساڵی 2016دا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group